کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کوشتنی خۆپیشاندەران دەکەن

13:26 - 28 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژنامەکانی "کەیهان" و "جام جەم"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە بڵاوکراوەی ڕۆژی شەممە ۲۸ی خەزەڵوەری خۆیاندا، هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژیی زیاتر دەرحەق بە خۆپیشاندەران دەکەن.

لە بابەتگەلێکدا کە لەو ڕۆژنامانەدا بڵاو کراوەتەوە و وێنەی کوژراوانی ڕێژیمیشی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە حکوومەت زۆر توندوتیژانەتر لەگەڵ خۆپیشاندەران بجووڵێتەوە و هەڕەشەی کوشتنی زیاتری کردووە.

لەو ڕۆژنامانەی ڕێژیمدا خۆپیشاندەران وەکوو بکوژانی ئیجارەیی ناویان لێ براوە و وتراوە کە ڕێژیم پێویستە زۆر توندوتیژتر دژ بە خۆپیشاندەران خۆی نیشان بدا و دەست لە کوشتنیان نەپارێزێت.

هەتا ئێستا بە سەدان کەس لە خۆپیشاندەران لە کوردستان و ئێران بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کراون، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان لەو جینایەتە بێبەری دەکرد، کەچی لە ئێستادا ڕۆژنامە و میدیاکانی ڕێژیم دەیانەوێت ڕەوایی بە جینایەتەکانی ڕێژیم بدەن.