کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە مانگرتنی گشتیدایە

13:29 - 28 خەزەڵوەر 2722

لە درێژەی مانگرتن و ڕاپەڕینی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستانی ڕۆژهەڵات دژی ڕێژیمی ئێران و جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە، ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، تێکڕای شارەکانی کوردستان مانیان گرتووە.

خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان، ئەمڕۆ لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار، بۆکان، مەریوان، سەقز، سنە، پاوە، جوانڕۆ و چەندین شاری دیکە بە داخستنی دووکان و بازاڕ، هەڵوێستی توندی خۆیان دژی ڕێژیم پیشان داوە و پشتوانیی خۆیان لە شەهیدانی ڕاپەڕینی ئەو چەند ڕۆژە کە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کران، دەربڕیوە.

خەڵکی کوردستان ڕایانگەیاندووە تۆڵەی شەهیدەکانمان دەستێنین و لە سەر ڕێبازی ئەو شەهیدانە پێداگری دەکەینەوە.

جگە لە شارەکانی کوردستان، هاوکات لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش خەڵکی ئازادیخواز بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە مانگرتن.

وێڕای مانگرتنی هاونیشتیمانیان، خەڵکی شاری مەهاباد بە شێوەیەکی جەماوەری دوای ڕێوەڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهید سەید "کەماڵ ئەحمەدی" ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیم خۆپیشاندان دەکەن.