ئەمڕۆ شەممە ۲۸ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی، لە درێژەی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی جەماوەری لە مەهاباد، خەڵکی مەهاباد شەقامەکانیان چۆل نەکرد و ئەمڕۆ دوای ناشتنی تەرمی "سەید کەماڵ ئەحمەدپوور" بە دروشمەوە هاتنەوە نێو شار و شەقامەکانی شاریان کردە سەنگەری بەربەرەکانێ دژی هێزەکانی ڕێژیم.
سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ لە درێژەی سەرهەڵدانەکان و شۆڕشی نوێی کوردستاندا، خەڵکی تێکۆشەری مەهاباد، بۆ خاوەندارەتی لە خوێنی شەهیدان ڕژانە سەر شەقام و بە هەڵگرتنی تەرمی شەهیدی نوێی گەلی کورد، شەهید "کەماڵ ئەحمەدپوور" کە شەوی ڕابردوو شەهید کرابوو، گڕوتینێکی تازەیان بە سەرهەڵدانەکان بەخشی.
لە کاتژمێر ٩ی بەیانیییەوە جەماوەری دەیان هەزار کەسیی مەهاباد بە دروشمی شۆڕشگێڕانە پەیمانیان لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە کە درێژەدەری ڕێگای پیرۆزیان دەبن.
دوای نزیکەی دوو کاتژمێر کۆبوونەوەی سەر گۆڕستان و خوێندنی سروودی "ئەی شەهیدان" و دروشمە دوژمنبەزێنەکان، کاروانی جەماوەری قارەمانی مەهاباد بە دروشمەوە بۆ گەڕەکی "ئەسحابەی سپی" و شەقامی "شۆڕش" وەڕێ کەوتن.
هێزی زۆری نیزامی و جاشەکان لە بەیانی زووەوە، زۆربەی شەقامەکانیان تەنیبوو و تەقەیان لە ماشینەکان دەکرد. تا ئێستا شەڕ و دەرگیری لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا درێژەی هەیە و خەڵک لە مەیداندان و سەنگەربەندییان کردووە.
لە شەڕ و دەرگیریی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا تا ئێستا خەڵکێکی زۆر بریندارن و داوا لە خەڵک دەکرێت دەرگای ماڵەکانیان بە ڕووی خەباتکارانی سەر شەقامدا بکەنەوە و گەمارۆی هێزی دوژمن بەسەر شۆڕشگێڕاندا بشکێنن.