کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد

13:51 - 11 خەزەڵوەر 2722

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دایە "عایشێ عەبدوڵڵاپوور" دایکی شەهید "محەممەد سدیق عەبدوڵڵاپوور" لە شاری بۆکان، لە تەمەنی ١٠١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە "عایشێ" دایکێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو کە منداڵەکانی خۆی لەسەر ڕێچکەی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بار هێنابوو.

دایە "عایشێ" لەنێو خەڵکدا وەکوو دایکی شەهید، ڕێزی زۆری هەبوو و خاوەنی خۆشەویستییەکی تایبەت بوو.

یەکێک لە ئاواتەکانی دایە عایشێ ڕزگاریی کوردستان و بە ئامانجگەیشتنی گەلی کورد و وەدیهاتنی ئاواتی کوڕە شەهیدەکەی بوو کە بەداخەوە نەیدیت و بەو ئاواتەوە سەری نایەوە.

شەهید "محەممەد سدیق عەبدوڵڵاپوور" لە شاری بۆکان لەدایک بووە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەستی ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکرات دەبێت و لە هێزی بەیان سازمان دەدرێت. ناوبراو پێشمەرگەیەکی ئازا و بە جەربەزە و قارەمان بووە و لە زۆربەی شەڕەکان دژ بە داگیرکەران بەشدار بووە. بەداخەوە شەهید "محەممەد" لە شەڕ و تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم شەهید و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان دەبێت.

تەرمی دایە "عایشێ" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.