کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی سەرتاسەریی شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە مەدەنییەکانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی گشتی

17:57 - 28 خەزەڵوەر 2722

شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە مەدەنییەکانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان، بۆ ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، بانگەوازێکی گشتیی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند.

ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە مەدەنییەکانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان، ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، ٢٩ و ٣٠ی خەزەڵوەر، لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان، بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن و ئەوە لە کاتێک‌دایە کە مانگرتن و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان بەدژی ڕێژیمی ئێران پێی ناوەتە سێهەمین مانگی ڕاپەڕینی هەموو چین و توێژەکانی گەلانی ئێران.

لە بانگەوازەکەدا هاتووە کە: هەر وەکوو هەموو لایەک ئاگادارین، حکوومەت بە جێی ئەوەیکە دەنگی مافی خەڵک ببیستێ، بەوپەڕی دڕەندەییەوە ڕووی چەکی کردووەتە منداڵ و خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران و بەتەقەی ڕاستەوخۆ شەهیدیان دەکا، ئاماری کوشتنی ڕۆڵەکانی ڕاپەڕیو ڕۆژبەڕۆژ لە بەرزبوونەوە‌دایە و سەرکوتە خوێناوییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران توندتر و بێ‌ڕەحمانەتر دەبێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەوتێکی جینایەتکارانەی وەڕێ خستووە و خەڵکی بێ‌تاوان و ڕاپەڕیو دەڕفێنێ و دەیانکوژێ و لە نوێترین جینایەتیشدا بە جلی شەخسییەوە و بە چەکی شەڕ ڕاستەوخۆ تەقە لە منداڵان دەکەن و دەیانکوژن، نموونەی ئەو جینایەتە بڕواننە شارەکانی سەقز و ئیزە و زۆربەی شارەکانی دیکەش کە چەندین منداڵیان کوشتووە، بۆیە لەو بانگەوازە‌دا داوا لە گەلانی ئێران دەکەین کە مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و بە یەکدەنگی دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەستنەوە.