کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وازهێنانی کۆمەڵێک لە چەکدارانی ناوچەی موکریان لە خزمەت‌کردن بە ڕێژیم

23:30 - 28 خەزەڵوەر 2722

کۆمەڵێک لە چەکدارانی ڕێژیم لە ناوچەی موکریان گەڕانەوەی خۆیان بۆ باوەشی گەل ڕاگەیاند.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، کۆمەڵێک لە چەکدارانی ڕێژیم لە ناوچەی موکریان، دوای چەندین جار وریاکردنەوەیان لە لایەن لاوانی ڕاپەڕیو، لە ڕێگای پێوەندیگرتن بە کەسایەتییە ئایینی و نیشتمانپەروەرەکانی ناوچەکانی بۆکان، مەهاباد و پیرانشارەوە ڕایانگەیاندوە کە واز لە خزمەت‌کردن بە دوژمن دەهێنن و بە جیاکردنەوەی ڕیزی خۆیان پشت لە ڕابڕدوویان دەکەن.

وەک زانیارییەکان باس دەکەن ژمارەی ئەو کەسانە لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا پێوەندییان بە کەسانی خۆشناوی ناوچەکە گرتووە، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە زیادبوون‌دایە کە هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی پەژیوانی و وازهێنانیان لە ڕێژیم و پەیوەستبوونەوەیان بە ڕیزەکانی گەل، دەخوازن گیان و ماڵیان لە لایەن خەڵکەوە پارێزراو بێت.