کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم گوشاری خستووەتە سەر قوتابییان و بنەماڵەکانیان

20:34 - 11 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە قوتابخانەی کچانەی "فاتمیە"ی شاری شنۆ، کۆمەڵێک لە قوتابییان دەستیان کردووە بە دروشمدان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان وتووەتەوە.

یەکێک لە قوتابیهان بە مۆبایل فیلمی لەو چالاکییە هەڵگرتووەتەوە و دواتر بەڕێوەبەرانی قوتابخانە کە بەوەیان زانیوە، لێپرسینەوەیان لەو کچە قوتابییە کردووە بەڵام دەستیان بە هیچ وێنە و فیلمێک لە چالاکییەکە نەگەیشتووە.

دوابەدوای ئەوە بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە شنۆ دەچێتە ئەو قوتابخانەیە و دەیەوێت لە ساڵۆنی گشتیی ئەو قوتابخانەیە قسە بۆ قوتابییان بکات بەڵام قوتابییان بە نیشانەی ناڕەزایەتی پشت لە تریبوونەکە دەکەن و ڕێگا بە قسەکردنی نادەن.

ڕێژیم لە ئێستاوە دەیەوێت ئامادەکاری بۆ ڕۆژی ١٣ی ئابان بکات و بۆ ئەم کارەش کار لەسەر قوتابخانە سەرەتاییەکان دەکات بەلام ناوێرێت لە ڕێوڕەسمی ئەو ڕۆژەدا قوتابییانی ناوەندی و دواناوەندی بەشدار بکات لە ترسی ئەوەی کە قوتابییان بیکەنە خۆپیشاندان.

لەلایەکی دیکەوە لە زۆربەی قوتابخانەکان فۆڕمی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی بەسیج دراوە بە منداڵانی قوتابخانەکان.

بەپێی ئەو فۆرمە دایک و باوکی قوتابییەکان ڕەزایەت دەدەن لەسەر ئەوەی کە منداڵەکانیان ببن بە ئەندامی بەسیج یان نا.

ڕێژیم ئێستا لە قوتابیی قوتابخانەکان کەڵک وەردەگرێت تا بیانکات بە سیخوڕ و زانیاری لەسەر خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکان کۆ بکاتەوە و لەلایەکیشەوە دایک و باوکی ئەوان وەکوو ڕەزایەتدەری ئەو کارە بناسێنێت.