کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە مەهاباد وەحشیانە کەوتووەتە گیانی خەڵک

23:28 - 28 خەزەڵوەر 2722

ڕێژیم لە شاری مەهاباد حکوومەت نیزامیی لە تەواوی شاردا زاڵ کردووە و هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵکی شار کردووە.

بەپێی هەواڵێک کە بە ژووری ناوەندی هەوڵ گەیشتووە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە،  ٢٩ی خەزەڵوەر، کە لە هەموو گەڕەکەکانی شاری مەهاباد خۆپیشاندان و سەرهەڵدان لە ئارادا بوو، لە گوندی "خانەگێ"ی مەهابادیش خەڵک دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و هەر زوو هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە و شەڕ و دەرگیری ڕووی داوە. بەپێی ئەو زانیارییانە لە شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزەکانی ڕێژیم و خەڵکی شۆڕشگێڕدا، کۆمەڵێک بریندار و تەنانەت دەگوترێ شەهیدیش هەیە.

هێزەکانی ڕێژیم که لە شەڕ و بەربەرەکانێی خەڵکی شار ماندوو بوون، لە هەر جۆرە چەکێک بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵک وەردەگرن، تەنانەت تا ئەو ڕادەیەی لە ترسی پەرەسەندنی ڕاپەڕینەکان و ئەگەری دەست‌بەسەرداگرتنی دەنگ و ڕەنگ و ناوەندە گرینگە دەوڵەتییەکان هێزی تایبەت و زرێپۆشیان هیناوەتە نێو شار.