کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: ئێمە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەین

11:04 - 29 خەزەڵوەر 2722

وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا دەڵێ: "خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران، تەنیا لەلایەن خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵاتی ئێران بەڕێوە دەچێ و ئێمە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەین".

"جیمز کلۆرلی"، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای وتنی ئەوەیکە ئێمە بە ئێران دەڵێین گوێ بۆ خەڵکی خوی ڕابگرێ و دەنگی خەڵکەکەی ببیسێ وتی: "بریتانیا پشتیوانی لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەکا و ئێمە یارمەتیی ئەو ژن و پیاوە ناڕازییانەی ئێران تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەکەین".

ناوبراو لە درێژەدا لەهەمبەر هەڕەشەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژنامەنووسان و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران کە لە وڵاتی بریتانیا نیشتەجێن وتی: "ڕێژیمی ئێران ناتوانێ هیچ جۆرە کردەوەیەکی تێرۆریستی دژی هاووڵاتییانی بریتانیایی جێبەجێ بکا و ئەگەریش ئەو کارە بکا ئەوە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ئێمە دەبێتەوە".