کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ مێلیتاریزەکردنی شار، خەبات لە مەهاباد بە شێوەی چڕتر بەردەوامە

12:06 - 29 خەزەڵوەر 2722

شەوی شەممە ۲۸ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی، شاری مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە هێزی نیزامی و کەرەستەی قورسی شەڕەوە مێلیتاریزە کرابوو.

شەوی ڕابردوو هێڵی کارەبا لە سەرانسەری شاری مەهاباد پچڕابوو و بە وتەی هاووڵاتییان، دوابەدوای پچڕانی کارەبای ماڵان، خەڵکی زۆربەی گەڕەکەکان لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و لەسەر پەنجەرە و لەبەر دەرگای ماڵەکانیان دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و دروشمی دژی ڕێژیمیان وتووەتەوە.

هاووڵاتییان باسیان لەوە کرد کە سەرەڕای زەبروزەنگ و گەڕانی هێزی نیزامی و ماشینە نیزامییەکانی ڕێژیم بەنێو شاردا، لاوان هەر لەسەر شەقام بوون و ترسیان لە هێزی دوژمن نەبوو.

شەڕ و تێکهەڵچوونی لاوانی شۆڕشگێڕی شار و هێزەکانی ڕێژیم لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار لەوانە شەقامی "شۆڕش، بەری مەدرەسە، بەری شیلانان، باغی شایەگان، کووی دانش" و زۆرێک لە گەڕەکەکانی دیکە بەردەوام بوو.

لە گەڕەکی "کووی دانش"، لاوانی شۆڕشگێڕی شار سەر شەقامیان گرتبوو و بە وتەی شایەتحاڵێک ماشینێک هێزی لیباس شەخسیی ڕێژیم هاتبوون و تەقەیان لەو لاوانە کردبوو.

ئەو شایەتحاڵە باسی لەوەش کرد کە ئەو هێزانە بەوپەڕی توندوتیژییەوە دەستیان لە کەس نەدەپاراست و بە هەموو جۆرە چەکێک تەقەیان لە خەڵک دەکرد بەڵام لاوەکان سەرەڕای ئەوەش شەقامەکانیان چۆڵ نەکرد.

لە مەهاباد هەتا دەرنگانی شەو بڵێسەی ئاگری شۆڕشگێڕان لەسەر شەقامەکان بەرز بوو و دەنگی دروشمەکان هەر دەبیسترا.