خەڵكی خەباتكاری ئێران!
ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان!
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی ناڕەزاییە جەماوەرییەكان لە سەرانسەری ئێراندا، كۆماری ئیسلامی بە شێوەیەكی بەرچاو سەرجەم شارەكانی كوردستانی میلیتاریزە كردووە و لە سەركوتی خوێناویی خەڵكی ناڕازی هیچ سڵ ناكاتەوە. لە هەموو كوردستان ڕێژیم بە نەهێشتنی ئینترنێت و برق لە چەندین ناوچە و گەڕەكی شارەكان و هێنانی هێزێكی زۆری ئینتزامی و پاسدار بە تانك و زرێپۆش لە شەقام و مەیدانەكان كەشێكی پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێیان لە كورستان دروست كردوە و لە چەندین شار دەستیان داوەتە كوشتاری خەڵكی ئازادیخوازی كورد.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە هەموو خەڵكی خەباتكاری ئێران دەكات بە هەر شێوازێكی گونجاو و بە بەشداریی بەرینی خۆیان لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی سەرشەقام پشتیوانیی خۆیان لەخەڵكی خۆڕاگر و خەباتكاری كوردستان ڕابگەیەنن و یەكگرتوویی و هاوپشتی سەرتاسەری دژی كۆماری ئیسلامی بەهێزتر بكەن.
داوا لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان دەكەین بۆ پێشگرتن لە كوشتاری خەڵك لە كوردستان، گوشارەكانی خۆیان بخەنە سەر كۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵكی كورد بكەن.
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ (٢٠ نۆڤامبری ٢٠٢٢)