کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و خۆپیشاندان لە شارەکانی کوردستان

13:14 - 29 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و دژی جینایەتەکانی ڕێژیم، دووکان و بازاڕەکان داخراون.

لە شارەکانی شنۆ، بۆکان، کامێران، مەهاباد و چەند شاری دیکە خەڵک دووکان و بازاڕیان داخستووە و بڕیاریان داوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەنەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مەهاباد بە هێلیکۆپتێری شەڕکەر بەسەر ئەو شارەدا دەسووڕێتەوە.

سەرەڕای مێلیتاریزەکردنی شاری مەهاباد خەڵکی شۆڕشگێڕی ئەو شارە هەر ئێستا لە مەهاباد دەستیان بە سەنگەربەندی کردووە و خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن.

شەوی ڕابردوو لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا، خەڵکی شنۆ بە دروشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە و بژی حیزبی دێموکرات"، ڕژاونەتە سەر شەقام.

خەڵکی شاری خۆی بە دروشمدان دژی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینەکان دەردەبڕی هەروەها خەڵکی شارەکانی بناو و مەلەکان، بە دروشمی دژەحکوومەتی و مردن بۆ خامنەیی ڕژانە سەر شەقامەکان.

لاوانی شۆڕشگێڕی دیواندەرە بە دروشمی " ئازادی خوێنی دەوێ، ڕۆڵەی نەترسی دەوێ" بەرەنگاری هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.

لە کامێران لاوانی تێکۆشەر بە دروشمی "کوردستان، کوردستان،  گۆڕستانی فاشیستان" بەگژ سەرکوتکەراندا دەچوونەوە.

هەروەها شەوی ڕابردوو لە شارەکانی نەغەدە، پاوە، مەریوان، پیرانشار، سەقز و بۆکان شۆڕشگێڕان بە گوڕ و تینەوە لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندانەکانیان درێژە پێ دا و سروود و دروشمی شۆڕگێڕی و حەماسییان دەوتەوە.