کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی وڵات پێچەوانە جاشەکان هێرش ناکەنە سەر ماڵی کەس، بەڵام ئەو کردەوانەش بێ‌وڵام ناهێڵنەوە

13:53 - 29 خەزەڵوەر 2722

(ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلات لەبارەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو)

خەڵکی خەباتگیری کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات !

ئیوە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە فیداکاریی خۆتان بناغەی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆنەپەرەست و دژەژنی کۆماری ئیسلامیتان وەلەرزە خستووە. ھەربۆیە نابێ ڕیگا بدەن کۆماری ئیسلامیی ئێران سیمای شۆڕشگێری وکوردانەتان بە ھیندێ کاری نەشیاو و دوور لە ھەموو داب و نەریتێکی کوردانە خەوشدار بکات.

بەسزاگەیاندنی جاش و بەکرێگیراوەکانی رێژیم زۆر جیاوازە لە بێ‌رێزی و سووکایەتی بە ماڵ و منداڵیان کە هیچ گومانی تێدا نییە ئەمە لە بەرژەوەندیی پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتی توندوتیژتری خەڵک و ناشیرین‌کردنی ڕوخساری جووڵانەوەکەمان دەشکێتەوە. بۆیە پێویستە لاوانی شۆڕشگێڕی وڵات خۆ لەم پیلانەی ڕێژیم بەدوور بگرن و حسێبی کەسانی جاش و بەکرێگیراو لە ماڵ و منداڵیان جیا بکەنەوە.

هەروەها لەو دەرفەتەش کەلک وەردەگرین و داوا لە چەکدارانی ڕێژیم دەکەینەوە بیرێک لە حاڵ و دۆخی خۆیان بکەنەوە و هەتا کات ماوە بگەڕێنەوە بۆ ڕیزی گەل. هاوکات داوا لە لاوانی ڕاپەڕیوی کوردستان دەکەین کە وێڕای بەردەوامبوونیان لە ڕاپەڕین و مەیدانداری لە خەباتی نوێدا، خۆ لە هێندێک کردەوەی ئێحساسی بپارێزن و ڕەفتار و هەڵوێستیان دوور و بەپێچەوانەی ئارەزووەکانی ڕێژیم بێت. بەکرێگیراوانی ڕێژیم کە ترسەنۆکانە و لە شەودا هێرش دەکەنە سەر بنەماڵەی شەهیدەکان و پێشمەرگەکان و تەقە لە ماڵان دەکەن، دەبێ بزانن لاوانی وڵات ڕاستە وەک ئەوان ڕەفتار ناکەن و هێرشی پێچەوانە ناکەنە سەر ماڵی ئەوان، بەڵام بێ‌وڵامیشیان ناهێڵنەوە.

بۆ جارێکی دیکە داوا لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان، بەتایبەت لاوان دەکەین کە وریای پیلانەکانی ڕێژیم بن و وێڕای خۆپاراستن لە توندوتیژی و پاراستنی مافی ڕەوای خۆپاریزی، لە ڕاپەڕین بەردوام بن.

بە ھیوای سەرکەوتن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

٢٩/٨/١٤٠١