کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی شۆڕشگێڕی مەهاباد پەیامێکیان بڵاو کردەوە

22:14 - 29 خەزەڵوەر 2722

لاوانی شۆڕشگێڕی مەهاباد لە پەیامێکدا باسیان لە هەبوونی پلانی دوژمن بۆ گۆڕینی ڕێرەوی مەدەنیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەناوی شەهیدانی نوێی ڕزگاریی کوردستان و ئێران

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دژی دیکتاتۆری لەو دوو مانگەدا تەواو مەدەنی بووە.

ئەو بزووتنەوە لە هەموو ئاکارەکانیدا لە توندوتیژی و کوشتار خۆی بەدوور ڕاگرتووە.

 لاوان و کۆمەڵانی خەڵکی بەشدار لەو بزووتنەوە کەوتوونەتە بەر تەوژمی توندوتیژی و دەستڕێژی ڕاستە‌وخۆی هێزەکانی ڕێژیم و شەهید و برینداری زۆریان داوە، بەڵام کاری توندوتیژانەیان بەرانبەر نەکردوون.

بەداخەوە لەو ڕۆژانەدا دەستێکی مەترسیدار دەیهەوێ ڕێڕەوی مەدەنیی بزووتنەوەکە بگۆڕێت‌، دەستێک کە پلانەکەی لەگەڵ ویست و ئامانجی بزووتنەوەکە تەواو لێک دوورە‌‌. ئەو پیلانە لەلایەن لاوانی شۆڕشگێڕەوە بەتەواوی مەحکوومە.

هەر لەو پەیامەدا بۆ هەموو لایەک ڕوونی دەکەینەوە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نوێی کوردستان بە پشتبەستن بە ڕێبازی ڕەسەن و نیشتمانی لە کوردستان لەگەڵ هیچ جۆرە توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک نییە. هەر کەس و لایەنێکیش بە هەر ناوێک بیهەوێ بزووتنەوە مەدەنی و مافخوازانەکەی خەڵکی کوردستان بەلاڕێدا بەرێت لە خۆمانی نازانین و بە پلانی دوژمنی دادەنێین.

لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە پەیامی بەڕێز کاک مستەفا هیجری دەکەین کە بۆ دووەمین جار وێڕای داکۆکیکردن لە بەردەوامیی بزووتنەوەکە پێداگری لە سەر پاراستنی گیانی هەموو تێکۆشەران دەکات و لەسەر بەرەوپێشچوونی قۆناغ بە قۆناغی شۆڕشەکە بە شێوەی مەدەنی سوورە. ئەو پەیامە نیشان لە دڵسۆزی و بەرپرسیارەتی نەتەوەیی بەڕێزیانە.

سڵاو له شەهیدانی نوێی ڕزگاریی کوردستان و ئێران

لاوانی شۆڕشگێڕ لە مەهاباد و موکریان