ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، كاک "كەریم عەبدوڵڵاهی" ناسراو بە "كەریم وسوو" خەڵكی گوندی "شەمۆڵە"ی ناوچەی مەیدان چۆغەی ڕەبەت و برای شەهید "ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی" بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی شاری مەهەباد کۆچی دوایی کرد.
كاک كەریم وێڕای سێ براکەی دیكەی بە ناوەكانی"خاڵە مینە" و "عەبدوڵڵا" و "شەهید ئیبراهیم" لە ساڵەكانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاویدا بوونەتە ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران شەهید "ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی" دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە ڕیزی ئاڵاهەڵگرانی دێموکراتدا گیانی خۆت بەخت دەکات و دەچێتە ڕیزی شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەلەوە.
كاك كەریم یەكێک لەو ئەندامە دڵسۆز و وەفادارانەی حیزب بوو كە تا دوایین ساتەكانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە و بنەماڵەی ئەوان بەگشتی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوون و منداڵەکانی خۆیان لەسەر ئەو ڕێچکەیە بار هێناوە و چ لە سەردەمی شۆڕشی چەکدارانەی ٤٦ـ ٤٧دا و چ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ماڵی ئەوان هەمیشە جێگای حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بووە.
کاک کەریم دوای کۆتاییهاتنی شۆڕشی ٤٦ـ٤٧ لەگەڵ شەهید ئیبراهیمی برای کەوتنە زیندان و زۆریان ئازار و ئەشکەنجە دیت و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و پەرەسەندنی خەباتی حیزبی دێموکرات لەسەر هەڵوێستەکانی دەیان جار لەلایەن جاشەکانەوە کەوتبووە ژێر گوشار بەڵام ئەو هیچکات لە بەرامبەر جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم سەری دانەنواند و لەسەر هەڵویست و بیروباوەر و کارەکانی خۆی سوور و پێداگر بوو.
کاک کەریم یەکیک لە پیاوە ناسراوەکان و کەیخودای ناوچەکە بوو و زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی چارەسەر دەکرد و ڕێزێکی تایبەتی لەلای خەڵکی ناوچە هەبوو.
ئەو بنەماڵەیە خاوەنی چەندین شەهیدی سەربەرزن کە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی و بیری نیشتمانپەروەری گیانی خۆیان بەخت کردووە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی ڕەبەت دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.