کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی ڕابردوو ڕێژیم لە مەهاباد دەستی بە ڕەشبگیریی خەڵک کردووە

10:32 - 30 خەزەڵوەر 2722

شەوی یەکشەممە ۲۹ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی، لە درێژەی هێرش و پەلامارەکانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، چەکدار و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار دەستیان داوەتە گرتن و ڕاوەدوونانی خەڵکی ئاسایی و لە هیچ چەشنە توندوتیژییەک بەرامبەر هاووڵاتییان دەستیان نەپاراستووە.

هاوڵاتییانی شاری مەهاباد باس لەوە دەکەن که شەوی ڕابردوو هێزەکانی ڕێژیم لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار هێرشیان کردووەتە سەر زۆربەی ماڵەکانی خەڵک و خەڵکێکی بێئەژماریان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کردووە.

هاووڵاتییان هەروەها باس لەوە دەکەن کە چەکدار و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لەو هەڵمەتە ترسنۆکانەیەدا ڕوحمیان بە پیر و لاو و  ژن و منداڵ نەکردووە.

هاووڵاتییان هەروەها دەڵێن کە لە زۆرێک لە گەڕەکەکان کە بنەماڵەکان دەرگاکانیان نەکردووەتەوە، هێزەکانی ڕێژیم ڕقی خۆیان بە شکاندنی دەرگا و پەنجەرە و ماشینی ماڵەکان دەرکردووە. 

لە ئێستادا دۆخی شار ئاڵۆزە و فەزایەکی تەواو ئەمنییەتیی بەسەر شاردا زاڵە و چەکدارانی ڕێژیم دەست لە هیچ جۆرە توندوتیژییەک ناپارێزن.