كۆمەڵانی خەڵكی ئێران و كوردستان!
کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی خاوەنبڕیار!
ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ!
نیوەشەوی ٢٩ی لەسەر ٣٠ی خەزەڵوەر سپای تیرۆریستی پاسدارانی كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكە بە مووشەک و دڕۆن بنكە و بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی لە قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستاندا کردە ئامانج، كە بەداخەوە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات و چەند برینداری دیکەی لێ كەوتەوە.
كۆماری ئیسلامی كە لە ئاست خرۆشانی خەڵكی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دۆشداماوە بووە، بۆ بەلاڕێدا بردنەوەی شۆڕشی نوێ و دوورخستنەوەی ڕای گشتیی جیهان لەسەر ئەم ئاخێزە گەورەیەی كوردستان و ئێران، وێڕای هەڕەشەی بەردەوامی هێرشکردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ناوە ناوەش بنكە و بارەگاكان و كەمپی دانیشتووانی مەدەنیی حیزبەكانی کردووەتە ئامانجی هێرشی موشەكی و درۆن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرەڕای مەحكوومكردنی ئەو هێرشە دڕندانەیە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات بەرامبەر بەم زنجیرە تاوانەی كۆماری ئیسلامی و بۆردومانكردنی بنكە و بارەگاكانی حیزبەكان كە ژمارەیەكی بەرچاو خێزان و ژن و منداڵ تێیدا دەژین بێدەنگ نەبن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
30ی خەزەڵوەری 1401 – 21ی نۆڤامبری 2022