کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی نابەرانبەر یان شەڕی مان و نەمان؟؟!!

13:23 - 30 خەزەڵوەر 2722

جەماڵ فەتحی (کۆچەر)

ئەم شەڕەی کە کوردی ڕۆژهەڵات و داگیرکەری ئێرانی تێدایە شەڕێکی نابەرانبەرە کە ستراتێژییەکەی لەسەر مان و نەمان داڕێژراوە، واتە دوژمنی نزیکەو ڕووخان و کوردی وەزاڵەهاتوو بڕیاریان داوە هەموو هێزی خۆیان بۆ مانەوەی خۆیان وەگەڕ بخەن. هەر چەندە لایەنی بەرانبەر سەرەڕای نزیکتربوونی زیاتری لە نەمان تەنیا بیر لە مانەوە دەکات، لە حاڵێکدا لایەنی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەوەی کە مانەوەی لە عەقڵەوە نزیکترە هەتا نەمانی، بیر لە هەردوو سەری ئەم شەڕە واتە "مان و نەمان" دەکاتەوە. خەڵکێک کە بە دەستی بەتاڵ و بە ورە و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە هاتووەتە مەیدانی دوژمنێکی پڕچەک و دەستنەپارێزی وەک ڕێژیمی تێرۆریستیی ئاخوندی، دیارە بڕیاری داوە خۆی لەو دۆخە دەرباز بکات، چونکە بەبێ حەسێب و کتێبی سوودگەرایانە ملی ڕێگای گرتووە و بەرەو پێش دەڕوات و لە بەر خۆیەوە دەڵێت یان سەر دەکەوم یان دەمرم!! لە حاڵێکدا دوژمن بە هەموو لێکدانەوەیەکی سوودگەرایانە دەستی بۆ هەموو جۆرە شەڕێک بردووە و لە شەقامەکانی کوردستان بە گولـلە لە بەرانبەر بەرد و لە دەرەوەی شەقام بە هاژەک و درۆن شەڕی کڵاشینکۆف و بی‌کەی‌سی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش شەڕی دەروونی و سایبری دەکات.

ئەم حاڵەتە کە دوژمن لە هەموو جۆرەکانی شەڕ کەڵک وەر دەگرێت (شەڕی تێکەڵاو)، و کورد بە هەموو هێز و وریەوە و بە دەستی بەتاڵ بەرپەرچی ئەم شەڕە دەداتەوە، شەڕێکی نابەرانبەرە کە وەک گوترا ستراتێژییەکەی لەسەر مان و نەمان دانراوە.

جیاوازیی شەڕی مان و نەمان لەگەڵ شەڕەکانی دیکە جیا لە نابەرانبەربوونی لە هێندێ حاڵەتدا زۆر جاریش نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەیە، هەرچەندە لایەنی بەهێز بۆ مانەوەی خۆی پەنا بۆ هەر جۆرە پلان و بەرنامەیەک دەبات، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی و بەرفراوانیی شەڕەکە وەک ئەوە وایە کە هیچ پلانێکی بە دەستەوە نەبووبێت؛ حاڵەتی وەها زۆر لەم دۆخە دەچێت کە ڕێژیمی ئێرانی تێ کەوتووە، چونکە لە دەسپێکی ڕاپەڕینی ژینا هەموو فێڵ و تاکتیکێکی بەکار هێنا کە بتوانێت ئەم ڕاپەڕینە سەرکوت بکات، کە دەکرێت ئاماژە بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، ئاگرتێبەردانی زیندانی ئێڤین، تەقەکردن لە مەزاری شاچراخی شیراز و دەیان پلانی ڕۆژانەی دیکە بکرێت.

لایەنێک لەم شەڕە کە کوردە، بەبێ هەبوونی پێداویستییەکانی شەڕ و بەرتەسکبوونی گۆڕەپانەکە و هەروەها نەبوونی دەرفەت بۆ داڕشتنی پلانێکی تۆکمە، سەرەڕای لەسەرەوەبوونی ڕێژەی شەهید و قوربانییەکانی دیسان براوەی ئەم شەڕەیە، چونکە براوەبوون دەکرێت لە سەرەتا، نێوەڕاست و لە کۆتایی هەر شەڕێک بەدی بکرێت. لە شەڕی نێوان ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و کوردی ڕۆژهەڵات (چ شەقام، چ حیزبەکان، چ دیاسپۆرا) ئەوەی ڕوون و بەرچاوە دۆشداماویی ڕێژیمێکە کە ئێستەش لافی بەهێزبوون لێ دەدات و لاوازبوونی خۆی بە هەڕەشە، شەڕی دەروونی و هاژەکباران قەرەبوو دەکاتەوە.

لایەنی بەهێزی ڕێژیم لەم شەڕە، تەنیا هێزێکی سەرکوتکەرە کە بە هۆی خۆڕاگریی خەڵک لە شەقام و هەروەها هێزی پێشمەرگە، بەرەو لێواری ماندوویەتی و هەڵوەرین هەنگاو هەڵدەگرێت، لە حاڵێکدا دەیان خاڵی لاوازی وەکوو: داڕمانی ئابووری، هەرەسهێنانی یاسایی، سیاسی و دیپلۆماسی و لە گشت گرنگتر نەمانی پێگەی کۆمەڵایەتی و بەهای نێوخۆییە. لایەنی بەهێزی کورد، خۆڕاگری و بڕیاری کۆتایی بۆ گەیشتن بە خۆسەروەری و ڕزگارییە، لەحاڵێکدا نەبوونی لایەنی بەهێزی دیپلۆماسی و پێکنەهێنانی پشتیوانی دەرەکی دەکرێت خاڵی بێهێزی کورد لەم دۆخەدا بێت.

سەرەڕای ئەو شتانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، کۆتایی ئەم شەڕە سەرکەوتنی کورد و دۆڕانی دوژمنە چ بڕووخێت و چ نەڕووخێت، و ئەگەر و شیمانەکانی ڕووخانی زۆر بەهێزترە لە ئەگەرەکانی نەڕووخانی، کە دەکرێت لە بابەت و لێکدانەوەیەکی دیکە ئەم ئەگەرانە تاوتوێ بکرێن.