کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە کوردستان و ئێران بەردەوامە

20:48 - 11 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، خوێندکارانی زانکۆی "بەلووچستان" لە "زاهیدان" دژی ڕێژیمی ئێران دەستیان بە ناڕەزایەتی کردووە و دروشمی "ئازادی، بەرابەری، کورد و بەلووچ و ئازەریـ"یان وتووەتەوە.

هەروەها لە کوردستان هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان بردووەتە سەر خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری شاری "مەریوان".

لەلایەکی دیکەوە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی و ددان پزیشکیی"شیراز" سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی چەند کەس لە خوێندکاران دەستیان بە ناڕەزایەتی کردووە.

خوێندکارانی ئازادیخوازی زانکۆی "گیلان" ڕوو بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو زانکۆیە نامەیەکی سەرئاوەڵایان بە نیشانەی ناڕەزایەتی نووسیوە.

خوێندکاران لە بەشێکی ئەو نامەیەدا نووسیویانە: ئێمە لە حەوتووەکانی سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا بەڕێزەوە و بە زمانی مرۆڤانە داوامان لە ئێوە مامۆستایانی زانست و ئەدەب کرد یارمەتیمان بدەن کە چاو لەو زۆڵم و زۆرییەی کە لە مافی خوێندکاران دەکرێت دانەخەن و بەرژەوەندییتان بە شەرەفتان نەگۆڕنەوە، بەڵام  نەتەنیا بێدەنگ بوون بەڵکوو هێندێکتان بە هەڕەشە خوێندکارانتان بردنەوە سەر وانە درۆیین و ڕووکەشەکانتان.

لە درێژەی ئەو نامەیەدا هاتووە کە نزیک ٦٠٠ کەس لە ئەندامانی لێژنەی زانستیی زانکۆی "گیلان" بە واژۆی کەمتر لە ٥٠ کەس لە مامۆستایان لە پەیوەندی لەگەڵ ئازادیی ڕادەربڕن دەسبەسەر کراون.  

هەروەها گوشاری ئەمنییەتیی خراوەتە سەر خوێندکارانی کۆلێژی "میراس فەرهەنگی و سەنایع دەستی بۆشێهر" لە چالووس و کۆمەڵێک خوێندکار لە شارە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئێران دەستیان بە ناڕەزایەتی کردووە.