کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووشەکبارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

16:12 - 30 خەزەڵوەر 2722

حکوومەتی ھەرێمی باشووری کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ مووشەکبارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، حکوومەتی ھەرێمی باشووری کوردستان، سەبارەت بە مووشەکبارانکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و بەتوندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردووی سپای تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند: پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیانەیە.

حکوومەتی ھەرێمی باشووری کوردستان ڕایگەیاند: داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، ئەو شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان ڕابگرێ، چونکە سەقامگیری ھەرگیز لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکوومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرانبەر ئەو ھێرشە بەردەوامانەی ڕێژیمی ئێران ھەبێت.