بڕیارە پارلمانی عێراق ڕۆژی سێشەممە لەسەر مووشەکبارانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک بەڕێوە ببا.
پارلمانی عێراق لەبارەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و پارلمانی عێراق بڕیاری داوە کە، سبەی سێشەممە بەوردی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر خاکی کوردستان تاوتوێ بکا.
"شێروان دووبەرانی" پارلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە فراکسیۆنی پارتی لەنێو خۆیدا تاوتوێی ئەو بابەتەی کردووە و دەیهەوێ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی سبەینێی پارلەمانی عێراقدا یەکهەڵوێست بن و هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دکتور "بڕیار ڕەشید"، پارلەمانتاری فراکسیۆنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارلمانی عێراق، ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکەی سبەینێ "سێشەممە" لە پارلمان بەشێوەی داخراو و دوور لە میدیاکان دەبێ؛ ئەو بابەتە پەیوەندیی بە کوردستان و عێراقەوە هەیە، چونکە بەزاندنی خاکی عێراقە و زۆر گرینگە ئەو بابەتە بە حیزبی نەکرێت و وەکوو خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان و تۆپباران دەکرێن.