کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و ڕاپەڕینی گشتیی شارەکانی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی

21:14 - 30 خەزەڵوەر 2722

لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە دەستڕێژی گولـلە ڕووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣۰ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان، بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگرتن و ڕاپەڕینی گشتی بەڕێوە چوو و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە چەکی قورس و سووکەوە ڕووبەڕووی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان بوونەوە و لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم‌دا چەندین کەش شەهید و بریندار بوون.

 خەڵکی بوێری کوردستان قارەمانانە بە دەستی بەتاڵ چۆکیان بە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی‌ داهێناوە و شەقامی شارەکانیان کردووەتە گۆڕەپانی شەڕ و بەڵینیان داوە تا سەرکەوتن شەقامەکان چۆڵ نەکەن.

پەلەقاژەی کۆتایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، بەڕوونی دیارە کە خۆپیشاندەران بەسەر جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمەدا سەر دەکەون و کۆماری ئیسلامیش بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووکی وەکوو دۆشکا، کڵاشینکۆف، ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ هێرش دەکاتە سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان، بەڵام کچان و کوڕانی قارەمانی کوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ترسیان خستووەتە دڵی تاران و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوردستان خاکی کوردانە و دەبێ داگیرکەر چۆڵی بکا.