کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندارێکی هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیم بۆ سەر حیزبی دێموکرات شەهید بوو

22:45 - 30 خەزەڵوەر 2722

محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە هێرشی مووشەکیی ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتدا بریندار بوو، شەهید بوو.

محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی تازەلاوی خەڵکی ناوچەی مەلەکشاهیی ئیلام نیزیک دوو ساڵ بوو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی هەڵبژاردبوو. ئەو لاوە شۆڕشگێرەی کورد بەرلەوەی ڕیزەکانی ئاشکرای حیزب بۆ خەبات هەڵبژێرێت، وەک ئەندامی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات ماندوویی‌نەناسانە ئەرک و بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان وەئەستۆ دەگرت.

 محەممەدڕەزا لە هێرشی مووشەکیی ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتدا بەتوندی بریندار بوو، و پاش حەوتوویەک بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ و سەرەڕای هەوڵی بێوچانی پزیشکەکان بۆ چارەسەری، ئەمشەو دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر دڵە گەرم و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە شەهیدبوونی محەممەدڕەزا بادبرووت سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکات.

خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەتا وەدیهێنانی خەونی شەهیدان و دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکانمان بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١