دوایین دانیشتنی دادگای کەیسی تێرۆری شەهید "قادر قادری" فەرماندەی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر بەڕێوە چوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، دادگای تاوانەکانی شاری هەولێر، لەسەر تێرۆری شەهید "قادر قادری" فەرماندەیەکی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوایین بڕیاری خۆی ڕاگەیاند.
"ئەیاد کاکەیی" پارێزەری کەیسی تێرۆری شەهید "قادر قادری"، دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگا و لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لە دانیشتنی پێشووتردا سێ کەس لە تاوانبارانی تێرۆری "قادر قادری" بەپێی دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و دوو تاوانباری دیکەی کەیسەکە بە پێنج ساڵ زیندان موحکووم کراون؛ دادگا بڕیاری داوە کە بۆ دوو کەسەکەی کۆتاییش بەپێی ماددەی ٤٠٦ی یاسای عێراقی حوکم دەربکا بەڵام ئەو دوو کەسە داوای پێداچوونەوەیان کردووە.
شەهید "قادر قادری" خەڵکی شاری پیرانشار و یەکێک لە فەرماندە نیزامیە دیار و ناسراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە گوندی "هەرتەل" لە دۆڵی بالیسانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کرا.