بەپێی نوێترین ئاماری بڵاوکراوی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٦٦ ڕۆژ راپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران و کوردستاندا، تەنیا لە کوردستان ١٠٢ کەسی خۆپیشاندەر، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، شەهید کراون.
ئامارەکە ناوی ٥ ژن و ١١ منداڵی کەمتر لە ١٨ ساڵی تێدایە و ئاماژەی بەوەش داوە کە ٤ کەس بە ناوەکانی نەسرین قادری، سارینا ساعدی، حەمید گوڵی و سامان ڕەحمانی بە لێدانی باتوم گیانیان لەدەست داوە.
زانیارییەکانی کوردپا دەڵێن ڕامین فاتحی، ئیسماعیل دزوار و ئومید حوسێنی پاش دەسبەسەرکران گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و دواتر بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کراون.
بەپێی ئامارەکانی کوردپا، ڕۆژەکانی ٣٠ی خەرمانان بە ١٤ شەهید، ڕۆژەکانی ٤ و ٥ی خەزەڵوەر بە ١٢ شەهید و ٢٤ تا ٣٠ی خەزەڵوەر بە ٣٩ شەهید، ئەو ڕۆژانەن کە زیاترین قەتڵی حکوومەتی تێیاندا ڕووی داوە.
ئەم ١٠٢ شەهیدە لە ئاکامی راپەڕینی خەڵکی شارەکانی سنە، دێولان، سەقز، ورمێ، پیرانشار، دیواندەرە، شنۆ، ئیلام، شاباد، کرماشان، سونقوڕ، قووچان، مەریوان، سەڵماس، سەلاسی باوەجانی، بۆکان، سەرپێڵ، قەسری شیرین، مەهاباد، سەردەشت، بانە، گەیڵان ، تیکاب، سەوڵاوا، کامێران، ڕەبەت، جوانڕۆ، پەیوەست بە کاروانی شەهیدانەوە بوون.
لە دوای شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی"ـیەوە، ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە کوردستان و ئێران هاتە ئاراوە کە تاکوو ئەمڕۆ درێژەی هەیە، لەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەدا، شارەکانی کوردستان زیاتر لە ٦٦ ڕۆژە کە درێژە بە راپەڕین دەدەن و لەم پێناوەشدا، کۆمەڵێک لە خۆپیشاندران گیانیان بەختی نیشتمان کردووە.