کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مریەم ڕەجەوی" داوای لە شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا کرد بە هانای کوردستانەوە بێن

11:57 - 1 سەرماوەز 2722

مریەم ڕەجەوی" ڕێبەری ڕێکخراوی "موجاهدینی خەلق" لە پەیوەندی لەگەڵ سەرکوت و کوشتاری خەڵکی مەهاباد و بە مەبەستی ڕێگری لە پێشێلکردنی بەها ئینسانییەکان لەلایەن ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێرانەوە، داوای هەنگاوی بەپەلەی لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی ئەندام کرد کە بۆ پێشگیری لە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی مەهاباد و پێشێل‌بوونی بەها ئینسانییەکان بە هانای خەڵکی مەهاباد و کوردستانەوە بێن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دەستەوەستانی لە بەرامبەر جینایەت دژی مرۆڤایەتی و جینایەتی جەنگی لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریست و شەڕفرۆشی ئێرانەوە، نە تەنیا مافی مرۆڤی پێشێل کردووە بەڵکوو ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەدا خستووەتە مەترسییەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە بەرامبەر هێرشە توندوتیژە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامی لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۳۰ی خەزەڵوەر بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، پێویستە هەرچی زووتر لەلایەنی نێونەتەوەیی و ناوچەییەوە بەدواداچوونی تایبەتی بۆ بکرێت.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە بە هێرشەکانی ڕۆژی ۶ی ڕەزبەر و ۲۳ی خەزەڵوەر، ئەوە سێهەم جارە کە ڕێژیم هێرش دەکات سەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ئەو هێرشانە خەساری گیانی و ماڵیی زۆری بەدواوە بووە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم هەموو هێڵە سوور و یاسا نێونەتەوەیی و ستانداردەکانی بەزاندووە و پێویستە بێدەنگی و دەستەوەستانی لە بەرامبەر سەرکوت و جینایەتەکانی ڕێژیم کۆتاییان پێ بێت.