کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

14:20 - 1 سەرماوەز 2722

یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا وێرای مەحکوومکردنی کوشتنی منداڵ و قوتابییان، داوای لە ڕێکخراوە مرۆڤ‌دوستەکان و بەتایبەت ڕێکخراوی یونیسیف کردووە کە ڕێژیمی منداڵکوژی کۆماری ئیسڵامی لەو ڕیکخراوە نێونەتەوەیە دەر بکات.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

مامۆستایان و قوتابییانی ئازیز!

ڕێژیمی منداڵکوژی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە ڕەوتی ڕاپەڕین و ڕاسانەوەی گەلانی ئێران بە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئاخوندەکان، بە دەیان منداڵی ٨ ساڵ تا ١٧ ساڵی بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە شەقام، یان بە لیدانی باتوم لە بازداشتگاکان و لە لایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانیەوە شەهید کردوون.

ئەوە منداڵە ئازیز و خۆشەویستانە ئێستا دەبوو لە پۆلەکانی قوتابخانە خەریکی فیربوون و خۆپێگەیاندن بۆ داهاتووی نیشتمان بایەن. بەڵام بەداخەوە لەلایەن پاسدارانی جەهل و نەزانی و پاریزەرانی دەسەڵاتی ڕەشی خامنەییەوە، تەمەنی کورت و پڕ لە شانازییان بە گولـلە ئەنجن ئەنجن کرا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی پاریزەری خاک و مافی نیشتمان بوون.

یەکیەتیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران وێڕای ڕیسواکردنی کوشتنی منداڵ و بەتایبەت قوتابییان، داوا لە ڕێکخراوە مرۆڤدوستەکان و بەتایبەت ڕێکخراوی یونیسیف دەکات کە ئەو کردەوی رێژیمی منداڵ کوژی کۆماری ئیسڵامی مەحکوم بکا و لەو ڕێکخراوە نێونەتەوەیە دەر بکرێت.

هەروەها داوا لە مامۆستایانی نیشتمانپەروەری کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکات لەهەمبەر ئەو جینایەتەی ڕێژیمی منداڵکوژی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن و بەکردەیی تێکەڵ بە ڕاپەڕین و شۆڕشی گەلانی ئێران بن.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

٣٠خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی