کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی تایبەتی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران

09:39 - 12 خەزەڵوەر 2722

جێگری سەرۆککۆماری ئامریکا دەڵێ: ڕێژیمی ئێران بەهۆی سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی ئێران بەتایبەتی کچان و ژنان، شیاوی ئەوە نییە کە ئەندامی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ.

دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەمیشەیی و کاتیی ئەو شۆرایە و هەروەها بوونی شیرین عیبادی، پارێزەری ناسراوی ئێرانی و براوەی خەڵاتی ئاشتیی " نۆبێل" و هەروەها نازەنین بونیادی، ئەکتەر و چالاکیی مافی مرۆڤی بە ڕەچەڵەک ئێرانی و دانیشتووی وڵاتی بریتانیا، لە بنکەی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە شیاونەبوونی ئێران بۆ ئەندامیەتی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن بەڕێوە چوو.

پێویستە بگوترێ کە جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، بەشێوەی ئۆنلاین لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو و ڕایگەیاند کە ئەگەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە ناچار بە وڵامدانەوە نەبن، ئەوە سەرکوت و کوشتن لە ئێران زیاتر پەرە دەستێنێ.

ناوبراو هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە کوشتنی "ژینا ئەمینی" بەدەستی جەلادە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بوونی ژینا بە هێمای ژن، ژیان، ئازادی، وتی: ژینا لە ئێستادا تەنیا قوربانیی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران بەدژی ژنان نەبووە و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ منداڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە جێگری سەرۆککۆماری ئامریکا، ئێران بە شیاوی ئەندامبوون لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە شۆرای نەتەوە یەکگرتووەکان نازانێ و سەرەڕای ئاماژە بە سەرکوتی هۆڤانەی هێزەکانی ڕێژیم و کوشتنی بەئەنقەستی ژنان لە ئێران داوای لەو شۆرایە کردووە کە مافی ئەندامبوونی ئێران لەو کۆمیسیۆنە گرینگە لەو ڕێژیمە وەربگرنەوە.