ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١ی سەرماوز، تەرمی شەهید "محەممەدڕەزا بادبرووت" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە هێرشی مووشەکیی ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات بریندار ببوو و دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو؛ بە بەشداریی بنەماڵە تێکۆشەرەکەی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
تەرمی شەهید محەممەڕەزا بە بەشداریی بنەماڵەی شۆڕشگێڕی خۆی، بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندە نیزامییەکان، کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان لە گۆڕستانی شەهیدان لە تەنیشت هاوسەنگەرانی ئەسپەردەی خاک کرا.
دایک و باوکی شەهید محەممەدڕەزا لە بەخاکسپاردنی تەرمی کوڕەکەیاندا ئامادە بوون و
ئاپۆرای خەڵکی بەشداریش وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید محەممەڕەزا، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی تازەلاوی خەڵکی ناوچەی مەلەکشاهیی ئیلام نیزیک دوو ساڵ بوو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی هەڵبژاردبوو.
ئەو لاوە شۆڕشگێرەی کورد بەر لەوەی ڕێزەکانی ئاشکرای حیزب بۆ خەبات هەڵبژێرێت، وەک ئەندامی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات ماندوویینەناسانە ئەرک و بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان وەئەستۆ دەگرت.
محەممەدڕەزا لە هێرشی مووشەکیی ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات بەتوندی بریندار بوو، و پاش حەوتوویەک بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ و سەرەڕای هەوڵی بێوچانی پزیشکەکان بۆ چارەسەری، ئەمشەو دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر دڵە گەرم و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.