خەڵكی خەباتكاری ئێران!
ژنان، كرێكاران، بازاڕییان، خوێندكاران و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران!
زیاتر لە دوو مانگە كە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەتان دژی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی بەردەوامە و زۆربەی ناوچەكانی ئێرانی گرتووەتەوە. خەڵكی خۆڕاگر و خەباتكاری ئێران لە شۆڕشی نوێی ژن، ژیان، ئازادی ڕووخانی ئەم ڕێژیمە خوێنڕێژەیان كردووەتە ئامانج و تا سەركەوتنی یەكجاری هەدا نادەن.
لەم ڕێبازەدا بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناڕازی لەوانە زیاتر لە 50 منداڵ بە دەستی هێزە سەركوتكەرەكان گیانیان لەدەست داوە و بە هەزاران كەسیش بریندار بوون یان دەستگیركراون. لەم نێوەندەدا كوردستان كە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەكاندا پێشڕەوی خەبات دژی ڕێژیم و مەتەرێزی لەشكاننەهاتووی خەڵكی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران بووە، پشکێكی گەورەی لەم قوربانیدانە كەوتووەتە سەرشان و ڕۆژانە شاهیدی هێرشی بێڕەحمانەی هێزی ئێنتزامی و پاسدارانی تیرۆریست بۆ سەر خەڵكی كۆڵان و شەقامەكانی كوردستانین كە بەچەكی جەنگی دەیانكەنە ئامانج. چەند ڕۆژێكە ڕژیم بە هەموو هێزی خۆیەوە لە كوردستان حەمامی خوێنی وەڕێ خستووە و قەتڵوعامی گشتیی گرتووەتەبەر.
ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییە بە بێ هاودڵی و یەكگرتوویی زیاتری هەموو چین و توێژەكانی خەڵك بەسەركەوتن ناگات. ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە حیزب و لایەنە سیاسییەكان، چالاكوانانی مەدەنی و هەموو توێژەكانی خەڵك لەسەراسەری ئێران دەكەین لەپێناو بەهێزكردنی ئەم یەكگرتووییە و پشتیوانی لەخەڵكی خەباتكاری كوردستان ڕۆژی پێنجشەممە 3ی سەرماوەزی 1401 مانگرتنێكی گشتیی بەڕێوە ببەن.
داوا لە هەموو ژنانی خەباتكار، كرێكارانی ناوەندە پیشەسازییەكان، بازاڕییان، مامۆستایان و خوێندكاران دەكەین لەم ڕۆژەدا بە مانگرتنی گشتیی پەیوەست بن. هەروەها میدیا دیموكراتیك و ئازادیخوازەكان بە بڵاوكردنەوە و ڕوماڵكردنی ئەم بانگەوازە پشتیوانی خۆیان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی ئێران ڕابگەیەنن تا جارێكی دیكە هەموو پێكەوە بە دەنگێكی بەرز خوازیاری ڕووخانی ئەم ڕێژیمە منداڵكوژە بین.
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
1ی سەرماوەزی 1401 (22ی نۆڤامبری 2022)