کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی گەل

23:34 - 1 سەرماوەز 2722

ناسر باباخانی

خێرایی ڕووداوەکان و ئاڵوگۆڕەکانی شۆڕشی ژینا ئەوەندە زۆر و فرەڕەهەند و خاوەنی لایەنی جۆراوجۆرە کە شرۆڤەی سیاسی فریای لێکدانەوەیان ناکەوێ، لەبەر ئەوە کە ئەم شۆڕشە بەردەوام لە دەروونی خۆیدا خەریکی زاوزێیە و دواتر پەلکێشی و پەلهاوێژی بۆ سەرانسەری ئێران و تەنانەت دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە دەکات.

دیارە سەرەتای شۆڕشی ژینا بە قەتلێکی حکوومەتی، بە کوشتنی کیژە کوردێکی سەقزی دەستی پێ کرد. لایەنی تراژیکی کارەساتەکە لەوەدا بوو کە کچۆڵەیەکی بێ‌تاوان، لە پێتەختی دوژمنەکەت دەکەوێتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و لەوپەڕی بێکەسی و هەناسەساردیدا سەر دەنێتەوە. ئەمە سەرەکیترین هۆکار بوو بۆ سازبوونی شەپۆلی ڕق و تووڕەیی لە سەقز و دواتر سەرجەم شارەکانی کوردستان، واتە ئەمە جۆرێ لە "هەژانی ویژدانی گشتیی کۆمەڵگەی کوردی" بوو.

ڕێک لەم پنتەوە ئاماڵ‌گوتارێک ساز دەبێ کە سەرەتا دەست پێدەکا بە زاوزێ و دواتر پەلکێشی کردن. ئەم زاوزێیە خۆی لە دروشمەکان و ئەکتە جۆربەجۆرەکان و مانیفێستەکانی دایک و باوکی شەهیدان لەسەر قەبران و چەمەر و چۆپی سەر گۆڕی گیانبەختکردووان‌دا دەبینێتەوە و دواجار دروشمە سەرەکییەکەی و حەماسە و گیانبازی ئەفسانەئاسای گەنج و لاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەلکێشی دەکا بۆ سەرانسەری ئێران.

سووکەلەنگەرێک لەسەر قسەکان و ئەکتەکان، بێ‌ هیچ شک و گومانێک ئێلێمانەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیمان بەڕاشکاوی نیشان دەدەن و خاڵی سەرسوڕهێنەر کاتێ خویا دەبێ کە سەرەڕای نیزیک بە سێ دەیە بۆشایی هێزە سیاسییەکان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیلێک پڕ بە شەقامەکانی ڕۆژهەڵات هاواری ڕێبەرێکی شەهید وەک دوکتور قاسملوو دەکا کە تەمەنی زۆریان، زۆر کەمترە لە ساڵانی پاش شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو! ئەمە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە خەڵکی کوردستان بە حوکمی مێژووی خەباتیان، هەم لەباری فکرییەوە هەم لەباری ڕێکخراوەییەوە زۆر لە نەتەوەکانی تری ئێران لە پێشترن. دروشمی جەماوەر کە خۆیان بە ڕۆڵەی پێشەوا قازی و درێژەدەری ڕێگای قاسملوو دادەنێن هەمان ڕەهەندە فکرییەکەیە و وڵامی ئەرێنی گەلی کورد بۆ بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان هەمان باری پەیوەندی ڕێکخراوەیی خەڵک و حیزبەکانە. کرانەوەی کەوانەیەک لێرەدا زۆر پێویستە، کە ناوی پێشەوا و دوکتور قاسملووم هێناوە، دەگەڕێتەوە ڕادەی دووپاتە و چەندپاتەبوونی ناوی ئەم ڕێبەرە کاریزمایانە لەسەر شەقامەکان، دیارە نەک وەک سکرتێری حیزبی بەڵکوو وەک ڕێبەری نەتەوەیی.

دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ژینا واتە ژن، ژیان، ئازادی لە ڕاستیدا سلۆگنی شۆڕشە کە دواجار خۆی لە سەرانسەری ئێران و هەروەها تەواوی دنیادا دەبینێتەوە. هەر سێ وشەکەشی ڕەگەزی مێینەیان هەیە و ئەمە لە ئەدەب و فۆلکلۆری کوردیشدا بوونی هەیە. تەنانەت وشەی ئازادی لە ئەدەبی کوردیدا "مؤنث مجازی"یە کە وەک بووک ئاماژەی پێ دراوە: بووکی ئازادی. واتە شۆڕشەکە هەم بیانووی دەسپێکەکەی، هەم دروشمە سەرەکییەکەی و هەم دەورگێڕە سەرەکییەی واتە ژن بە کەروێشکەی کەزیەکانی، تایبەتمەندییەکی بێ‌وێنەی پێ بەخشیوە و کردوویەتی بە یەکەم شۆڕشی ژنانە لە جیهاندا. کەوابوو ئەم شۆڕشە بێ‌ هیچ لە ڕوودامانێک، شۆڕشێکی ژنانەی کوردانەیە!

بۆ گرێدانی پیاوانی کورد و پاڵپشتییان لەم شۆڕشە، دیسان ئاوڕدانەوە بۆ سەر دروشمەکانی سەر شەقام و هەروەها ئەکتی قارەمانانەی کوڕان و پیاوانی ڕۆژهەڵات پێویستە. دروشمەکانی تری سەر شەقام زۆربەیان ڕیشەیان لە خەباتی ساڵانی پێشووی گەلی کورددا هەیە و بەنیسبەت شوێنەکانی تری ئێران -سەرەڕای ویستی هاوبەش- نێوەرۆکێکی جیاوازتریان هەیە وەک خواست و ویستە نەتەوەییەکان. دیارە بەپێی هەلومەرج و دۆخی نوێی شۆڕش دروشمی نوێش لەدایک دەبن کە هەندێ جار قاوغی سێکسییان هەیە بەڵام لە ڕاستیدا ماکەی سەرەکیی پەیامەکەیان سیلەگرتنە لە دەسەڵات.

بێ‌گومان هەموو بزووتنەوەیەک و تەنانەت هەموو وردەبزووتنەوەیەک هەڵگری گوتاری تایبەت بە خۆیەتی، خاوەنی دروشمی ستراتیژیکە و دەکرێ کلیل‌وشەکانیشی لێ‌هەڵێنجین، شۆڕشی ژینا بەتەواوی ئەم پتانسییەل و تواناییەی باسمان کردن، هەیەتی.

لەم شۆڕشەدا خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ژیرانەترین هەڵسوکەوتیان لەگەڵ پلان و پیلانی کۆماری ئیسلامی نواند. کۆماری ئیسلامی بە عالەم ئاشکرا شەڕی پێ فرۆشتن، بەڵام ئەوان نەکەوتنە داوی شەڕێکی بێ‌ئاکام کە کۆماری ئیسلامی دەیویست تێوەیان گلێنێ. لە ڕاستیدا بەپێچەوانەوە، لەم سێناریۆ سواوەدا کورد بوو بە براوەی سەرەکی و هاوسۆزی گەلانی تریشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. لە ماوەی دوو مانگدا بە دانی تێچوویەکی بەرچاو و بەرگرییەکی ئەفسانەیی، کوردستان بۆتە دڵ و مێشکی شۆڕشێک کە هەر خۆشی خاوەنی بوو، بەڵام دواتر ئەم شۆڕشە خۆی گەیاندە تەواوی ئێران و لەوێشەوە بۆ سەرانسەری جیهان، دیارە لە هەندێ شوێن بەخەستی و لە هەندێ شوێن کاڵتر.

کوردستان توانایی و پتانسییەلی ئەوەی هەیە کە ببێتە نموونەیەک بۆ سەرانسەری ئێران بۆ درێژەپێدانی نافەرمانیی مەدەنی و خەبات و خۆڕاگریی مەدەنی و لە ڕیگای ئەزموونەکان و تواناییە فکرییەکانی شۆڕشی ژینا هەناردەی تەواوی ئێران بکا. قورسایی و سەنگی کوردستان تەنانەت هەر لەنێو ئێراندا قەتیس نەماوەتەوە و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا وەباڵ بۆ پێشەنگی کوردستان دەکێشرێ. کەوابوو ئەگەر چارەنووسی کورد لانی‌کەم لەم سەردەمەدا بە چارەنووسی ئێرانەوە گرێ دراوە، ئەگەر کورد زیاترین تێچووی لەم ماوەیەدا داوە، دەبێ دەوری ڕێبەری یان شوێندانەری لە ئاستی ئێرانی بۆ دیاری بکرێ. تەنانەت دەبێ کورد ئەم متمانەبەخۆییەی هەبێ کە دەوری کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی جیددی لە دەرەوەی وڵات بگێڕێ. کورد خاوەنی بەهێزترین کارتە، کە هیچ لایەنێکی تر نییەتی ئەویش هێزی گەلە!

دەبێ سەرجەم خەڵکی ئێران لەوە تێ بگەن بێتوو کوردستان پاشگەز بێتەوە، ئەم شۆڕشە بەتەواوی لە کزێ دەدا و دواجار تێدادەچێ، خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی جیددی ئێرانی بەباشی ئەمە دەزانن، بۆیە پێوستە کورد کە خۆی خاوەنی ئەم شۆڕشە و دەسپێشخەرەکەی بووە، دەوری ئێستای و ڕۆڵی لە داهاتووی پاش کۆماری ئیسلامیدا بەوردی دەسنیشان بکرێ. بەڵام بەر لەوە، کورد دەبێ خەڵکی ئێران لەوە تێ بگەیەنێ کە نابێ و ناکرێ باری ئەم شۆڕشە بەتەنیا لەسەر شانەکانی گەلی کورد بێ و دەبێ هەموو گەلانی ئێران شانی وەبەردەن، ئەگەر خوازیاری قوتار بوون لە چنگ مۆتەکەی کۆماری ئیسلامین.