کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویژدانی گشتی لە "ڕاپەرینی ژینا"دا

23:51 - 1 سەرماوەز 2722

سۆران عەلیپوور

ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران پێی نایە سێ مانگەوە. سەڕەرای سەرکوتی بێڕەحمانە و توندوتیژی هێزەکانی ڕێژیم، هیچ نیشانەیەک لە کۆتایی‌هاتنی خۆپێشاندانەکان و کۆڵدانی خەڵک بەدی ناکرێ. لەگەڵ چوونەسەری ژمارەی قوربانییەکان خۆپێشاندانەکانیش بەرفراوانتر و دروشمەکان ڕادیکاڵتر بوونەوە. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا شارەکانی پڕکردووە لە هێز و بەتەواوی کەشوهەوای پۆلیسی و ئەمنیەتی زاڵ کردووە، بەڵام هیچ ستراتیژیەکی سەرکەوتووی بۆ کۆتایی‌هێنان بەو ڕەوشە بۆ جێبەجێ نەکراوە. نە هەڕەشەوگوڕەشەی سەرانی ڕێژیم، نە وادە و بەڵێنەکانیان، نە هەوڵدان بۆ زەقکردنەوەی دەستی دەرەکی و نە بۆمبارانی هێزە کوردییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران توانیویەتی چەرخی ئەو ڕاپەرینە ڕابگرێ.

لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا یەکگرتووییەک و یەک‌دەنگییەک لەنێو خەڵکی کوردستاندا هەیە کە لە پشتیوانی‌کردنی شارەکان لەیەکتر، دروشمەکان، هەوڵدان بۆ پەرتەوازەکردنی هێزەکانی ڕێژیم و دەیان کردەوەی دیکەشدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو یەکگرتووییە هەستی یەکبوون و هاوئامان‌جبوون و هاوچارەنووس‌بوونی خەڵکی کوردستانی هێندەی دیکە بەهێز کردووە. بەجێیە کە هەم لە ڕووی تیۆرییەوە و هەم لە ڕووی کردەوەشەوە ئاوڕێک لەو یەکگرتوویی و هاودەنگییە بدەینەوە. یەکگرتووییەک کە مانگرتنی ڕۆژانە، خۆپێشاندانی ئێواران و شەوانە، ناشتنی شەهیدەکان، یادکردنەوەکانیان و هەر دەرفەتێک دەکاتە چرکەساتێکی مێژوویی لەیادنەکراو.

دۆرکهەیم کە بە دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسییش ناو دەبرێت، لە نووسینەکانیدا گرینگییەکی تایبەت بە پەیوەندیی نێوان گشت لەگەڵ تاکدا دەدات. ئەو دەنووسێ کە لە هێندێک قۆناخدا گەڕانی تاک بە دوای کۆنتێکستێکی گشتیدا کە لەسەر هەست دامەزراوە کۆمەڵگە دەگەیەنێتە دۆخی هەڵچوون (Collective effervescence). هەڵچوونی کۆمەڵایەتی چەمکێکی کۆمەڵناسییە کە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لە ئامانجێکی هاوبەش و کردەوەی هاوبەشدا یەک دەگرنەوە و وا دەکا کە تاکەکانی کۆمەڵگەیەک لە یەکەیەکی گەورەتردا ڕێک بخا. هەڵچوونی کۆمەڵایەتیی هەستێکی گشتیی بەهێزە و وا دەکا کە تاکەکەس بەتەواوی خۆی لەبیر بکا و تەنانەت پرسە گرینگەکانی وەک بنەماڵەش وەلاوە بنێ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو کۆنتێکستەدا خۆی تێکەڵ بکا. ئەو هەستە بەهێزە کاتێک دروست دەبێ کە تاکەکانی کۆمەڵگەیەک وشیارییەکی گشتی یان ویژدانێکی گشتیی لێکیان نزیک دەکاتەوە، ئەو وشیارییە لای دۆرکهەیم بریتییە لە هەستی سروشتی مرۆڤ تایبەت بە بوونی خۆی و هەروەها باوەڕ و هەستی هاوبەشی زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵێک. دۆرکهایم پێی وایە کە هەر کام لە ئێمە دوو ویژدانی هەیە، ویژدانێکی گشتیی و ویژدانێکی تایبەتی. بەهۆی ئەو وشیارییە گشتییەوە دیاردەیەکی دیکە دروست دەبێ کە پێی دەگوترێ نوێنەرایەتیی گشتیی کە نوێنەرایەتیی ئەو نۆرم و بایەخانە دەکا کە کۆمەڵ لەسەریان ڕێک کەوتووە و ویژدانی تایبەتی لە ویژدانی گشتیدا دەتوێنێتەوە. بە بڕوای دۆرکهایم ویژدانی گشتیی لەو کۆمەڵگایانەدا بەشێکی گەورەی ویژدانی تاکەکەسەکان پێک دێنێ کە یەکگرتوویی میکانیکی تێیدا زاڵە. لە وەها کۆمەڵگەیەکدا کە ئەندامانی کۆمەڵگە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتر نییە و بەها و نۆرمی هاوبەشیان هەیە، ئەوە بە پێچەوانەی یەکگرتوویی ئۆرگانی کە لەوێدا تاکگەرایی زاڵە و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی زیاتر لەسەر بنەمای جیاوازییەکانە تا بنەما هاوبەشەکان.(١)

لە وتارێکی ئاوادا ناپرژێینە سەر ئەوەی کە بە وردی باس لەو تیۆرییە بکەین و مەبەستیش زیاتر ئەوەیە کە زیاتر لەو ڕووداوانە تێ بگەین کە لە کوردستان و ئێراندا ڕوو دەدەن، لە ماوەی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا زۆرجار ئەو یەکگرتوویی و یەکدەنگییە لەلایەن کەسانێکەوە بە مەبەست و بێ‌مەبەست خراوەتە ژێر پرسیار، کۆماری ئیسلامییش هیچ کات لە نانەوەی دووبەرەکی‌ و لێک‌ترازاندنی ڕیزەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەستی نەپاراستووە، بەڵام دوای چل‌و‌سێ ساڵ لە سیاسەتی میلیتاریزەکردن و ئاژاوەنانەوە و بڵاوەپێکردن ئێستا بە ڕوونی شاهیدی ئەو ڕاستییەین کە کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی ئامانجداری خاوەن چارەنووسێکی هاوبەشە و لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەیە وشیاریەکی گشتیی و ویژدانێکی گشتیی زیندووی لە ئاست ئەو بەها و باوەڕە هاوبەشانەدا هەیە.

ئێمە ڕۆژانە دەبینین کە چۆن ئەو ویژدانە گشتییە لە وتاری کەسوکاری شەهیداندا، لە لاپەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و لە خۆپێشاندانی خەڵکدا و لە بۆنە جیاوازەکاندا شەپۆلان دەدا. ئەگەر لە ڕوانگەی تیۆرییەکەی دۆرکهایمیشەوە تەماشای ئەو ڕووداوان بکەین دەتوانین بڵێین ئەو کۆمەڵگەیە لە دۆخێک‌دایە کە تاکەکەسەکان تەنانەت ویستە تایبەتی و پەیوەندیە خێزانییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان، تەنانەت گیانی خۆشیان خستۆتە خزمەت ئەو ئامانج و بەها باڵایەنە کە لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا کورتیان کردۆتەوە.

لەوانەیە پرسیار بێ کە بۆ لە کوردستاندا ویژدانی گشتی تا ئەو ئاستە زیندوویە و ئەو یەکگرتووییە کۆمەڵایەتییە لە دەوری کۆمەڵێک ئامانجی ڕادیکاڵی سیاسی لە کوێ‌وە سەرچاوەی گرتووە؟ کوردستان لەمێژە سەنگەری بزووتنەوەیەکی سیاسیی مافخوازە، ئەو بزووتنەوەیە لە شێوە مۆدێرنەکەی خۆیدا لە سەردەمی دیکتاتۆریی پاشایەتییەوە دەستی پێ کردووە و لە کۆماری  کوردستاندا گەیەندراوەتە لوتکە، لەوانەیە ڕەنگ وئیدۆلۆژیی دیکە لە هەلومەرجی جیاوازدا بە سەر ئەو بزووتنەوەیەدا زاڵ بووبی یان کاریگەریی هەبووبێ، بەڵام هەمیشە لە ژێر هێژموونی هێما و سیمایەکی دێموکراتیکی نەتەوەییدا بووە و ئێستاش لەگەڵ ئەوەدا کوردستان و هێزە سیاسییەکانی هەموو هەوڵی خۆیان داوە کە هاوهەنگاو و هاودەنگ لەگەڵ خەڵکی دیکەی ئێران بچنە پێشێ و لە ئاستێکی بەرفراوانتر و لە ژوور پرسە کوردستانییەکانەوە سیاسەت بکەن، بەڵام داوا نەتەوەییەکان هیچ کات نەچوونە ڕیزی دووهەمەوە. هۆکارێکی دیکەی هەبوونی ویژدانی هاوبەش لە کوردستاندا وەرێخستنی بزووتنەوەیەکی مەدەنی بوو کە لە بووژاندنەوە و وشیارکردنەوەی خەڵکدا ڕۆلیان گێڕا، ئەوان بە دامەزراندنی ئەنجوومەنەکان و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و بڵاڤۆکەکان و بنکەکانی فێربوونی زمانی زگماک و زۆر چالاکی و کردەوەی دیکە ئەو سەرمایە کولتوورییەیان لەنێو کوردی ڕۆژهەڵاتدا بەهێز کرد کە بنەمایەکی گرینگە بۆ وشیاربوون لە ئاست شوناس و ئامانجی هاوبەشدا.

نوێنەر و ڕێبەرانی ئەو ویژدانە گشتییە ئەو باوکانەن کە بەوپەڕی بوێرییەوە لە سەخترین چرکەساتی ژیانی تایبەتی خۆیاندا و لەسەر گڵکۆی ڕۆڵەکانیان نەک هەر چاوەڕێی دڵنەوایی و هاوخەمی ناکەن بەڵکوو دەبنە ئۆلگو و نوێنەری ئەو ویژدانە گشتییە، ئەو دایکانەن کە وردکەبەرد بۆ ڕۆڵەکانیان کۆ دەکەنەوە تا بەرگری لە خۆیان بکەن، ئەو کوڕوکچانەن کە شەوورۆژ تەنگیان بە هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە، دەیان و سەدان نوێنەری دیکەی ئەو ڕاپەرینە ئەو ویژدانە زیندووە هاوبەشە بە ڕاوەستاویی دەهێڵنەوە.

Durkheim, Émile (2001). The elementary forms of religious life. New York: Oxford University Press (١)