کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مافی خۆپێشاندانەوە هەتا ڕاپەڕین

23:57 - 1 سەرماوەز 2722

زانیار حوسێنی

سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکردرێ کە مافی خۆپێشاندان، مافی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە دۆخی ئارایی، سیاسەتە گشتییەکانی حکوومەت لە هەموو ڕەهەندە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هتد یان بە یاسایەکی پەسندکراو و بەگشتی بە هەر چەشنە حاڵەتێک کە دەسەڵات و ناوەندەکانی دەسەڵات بەردەنگ بن دەگوترێ. مافی خۆپێشاندان مافێکی دانپێدانراوە و لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بەیاسا کراوە و وەک نەریتێکی دانەبڕاو بۆ کۆمەڵگە و وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات پێناسە دەکرێت.

لە سەردەمی ئێستادا کۆی گشتیی مافە مەدەنییەکانن کە نیشاندەری ڕادەی دێموکراتبوون و خەڵکیبوونی دەسەڵاتە و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی دەسەڵات لە یاسادا و لە کردەوەدا دەبێتە خشتەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتەکان. لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا لە دوو شوێن ئەو مافە بەفەرمی ناسێندراوە و دانی پێدانراوە؛ یەکەم لە جاڕنامە گەردونی مافی مرۆڤ لە ماددەی ٢٠دا کە دەڵێت: "هەر مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە و ئازادە لە کۆبوونەوە و ڕێکخستنی کۆڕە ئاشتیخوازەکان. نابێ هیچ کەس بەزۆر لە هیچ کۆڕێکدا بەشدار بکرێ." دووهەم لە ماددەی ٢١ی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مەدەنی و سیاسیدا دەڵێت: "مافی پێکهێنانی کۆڕبەندی ئاشتیخوازانە بەفەرمی دەناسرێ. جێبەجیکردنی ئەو مافە، نابێ ژێرفەرمانی هیچ سنووردارێتییەک بێ، جگە لەوەی کە بەپێی یاسا دیاری کراوە و لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکدا بەپێی بەرژەوەندیی ئاسایشی میللی یان سڵامەتیی گشتی یان ئاسایشی گشتی یان بۆ پشتیوانی لە سڵامەتی یان ئەخلاقی گشتی یان ماف و ئازادییەکانی خەڵکی زەروورەتی هەبێ."

لە کەس شاراوە نییە کە وڵاتانی جیهان دەبێ پابەند بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دوو خاڵە نێودەوڵەتییە بن کە هەموو ئەوانەی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، بە واژۆکردنی ئەو بنەمایانە، پاراستن و لەبەرچاوگرتنیان وەئەستۆ گرتووە.

لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە ئەسڵی ٢٧دا، ئاماژە بە مافی خۆپێشاندان کراوە. ئەو ئەسڵە دەڵێ: "پێکهێنانی کۆبوونەوەکان و خۆپێشاندانەکان بەبێ پێبوونی چەک، بەو مەرجەی نەبێتە بنەماکانی ئیسلام نەباتە ژێر پرسیار، ئازادە." ئەو ئەسڵە کە لە بەشی مافی میللەتدا هاتووە، بەڕوونی باس لە یاساییبوونی مافی کۆبوونەوە و خۆپێشاندان دەکات و جگە لەو مەرجە، هیچ سنوور و چوارچێوەیەکی دیکەی بۆ دیاری نەکردووە. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە و بۆتە هۆی ناڕوونی یاسای بنەڕەتیی ئەو دەسەڵاتە مەرجی دووهەمە کە دەڵێ بەو مەرجەی نەبێتە هۆی چوونە ژێر پرسیاری بنەماکانی ئیسڵام!

یاسای بنەڕەتی هەر وڵاتێک دەبێ گشتی، ڕوون و ڕاشکاوانە بێت بەجۆرێک کە جێی گومان و ناڕوونی و پرسیار نەهێڵێتەوە. لەو مەرجەدا کە بنەماکانی ئیسلام هاتووە لە هیچ بەشێکی ئەو یاسا بنەڕەتییەدا، ئەو بنەمایانە شی نەکراوەتەوە و تەنانەت لەو ئەسڵەدا کە باس لە ویلایەتی مووتڵەقەی فەقیهـ دەکات، لەوێدا ئاماژە بەوە ناکات کە مەبەست لە ویلایەتی فەقیهـ هەمان بنەماکانی ئیسلامە کە لە ئەسڵەکانی دیکەی ئەو یاسا بنەڕەتییەدا باسی کردوە یان نا؟ ئەو کێشەیە لە هەموو ئەو ئەسڵانەی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و هەمیشە لە کاتی کێشە لەنێوان دەسەڵات و خەڵک، زیان و خەسارەکانی بەلای خەڵکدا شکاوەتەوە و دەسەڵات بە قازانجی خۆی کەڵکی لێ وەرگرتووە. مەسەلەکە بەوەندە کۆتایی نایەت و لەدواییدا پارلەمانی کۆماری ئیسلامی، مافی خۆپێشاندانی لە یاسای ئاساییدا سنووردارتر کرد کە پێچەوانەی ئەسڵی داڕشتنی یاساییە و بەپێی سەرچاوەبوون و بنەمای یاسایی، یاسای ئاسایی دەبێ لەژێر چوارچێوە و کاریگەریی یاسای بنەڕەتیدا بێ، نەک پێچەوانەکەی. مەگەر ئەوەی کە یاسای بنەڕەتی خۆی باس لە ئیمکانی دابینکردنی ڕێوشوێنی پێویست و زەروور لەلایەن شوێنی دیاریکراو بدات. بەوحاڵە کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاونەگرتنی ئەو ئەسڵە گرنگە و بەشێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی، مافی خۆپیشاندانی لە هێندێک ماددە و خاڵدا سنووردار کردوە کە بریتین لە خاڵی ٦ی مادەی ١١، یاسای شێوەی کار و چالاکیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کە دەڵێت: "پێداچوونەوە و تاوتوێکردن و بڕیاردان سەبارەت بە داواکاری بۆ ئەنجامدانی کۆڕبەندەکان و خۆپێشاندانەکان لە ئەرک و دەسەڵاتی کۆمیسیۆنی ماددە ١٠ی حیزبەکان دایە." هەروەها لە خاڵی خ ماددەی ١٣ی ئەو یاسایەدا دەڵێت: "بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکان و پێکهێنانی کۆڕبەندی حیزبەکان دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی خاڵی ٦ی ماددەی ١١ و هەروەتر ئەسڵی ٢٧ی یاسای بنەڕەتی و بەئاگاداری و وەرگرتنی مۆڵەتنامەی خۆپێشاندان لە وەزارتی نێوخۆی وڵات و پارێزگادا بێت." لە ئاییننامەی ئەو بابەتەدا هاتووە کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتنامە، حیزبەکان دەبێ بچنە کۆمیسیۆنی ماددە ١٠ی حیزبەکان کە لە سێ نوێنەری دەسەڵاتی سەرەکی دەسەڵات پێک‌هاتووە و لانیکەم دەبێ کەمتر لە ٧٢ کاتژمێر نەبێت. هەروەها ناوی وتەبێژەکان، شوێنی کۆڕبەندەکە، کاتی کۆ بوونەوە و بابەتی کۆبوونەوەکەش ئاماژەی پێ بکرێت.

ئەوانە یاساوڕێساگەلێکن کە لەدوای پەسندی یاسای بنەڕەتی بۆ سنووردارکردنی مافی خۆپێشاندان پەسندکراون؛ کە بەو پێیەی لەسەرێ باس کرا، پێچەوانەی چوارچێوەی داڕشتنی یاساییە و دەبوایە دیوانی عەداڵەتی وڵات یان خود شۆڕای نیگابان ئەو یاسا و ماددانەی کە دژی ئەسڵی ٢٧ی یاسای بنەڕەتین، هەڵوەشاندبایەوە کە تائێستا تەنانەت لە ئاستی قسەکردنیشدا باسی لێوە نەکراوە.

لەو ماددە و یاسایانەدا چەند بابەتمان بۆ دەردەکەوێ کە چۆنیەتیی بەیاسایی‌کردنی ئەو چوارچێوە و سنوورانەمان بۆ دەردەخا کە دژ و پێچەوانە یاسای بنەڕەتی و هەروەها دژی مافی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپێشاندانە.

یەکەم لەو ماددانەدا باس لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دەکات، کە وایە مەبەست ئەو ڕێکخراوە و نەجوومەنانەن کە کۆماری ئیسلامی لەدوای دامەزرانی پێکیهێناون یان پێشتر دایمەزراندوون یان دانی پێ داهێناون؛ بەو پێوەرە جگە لە بناژۆخوازەکان، ڕێفۆرمخوازەکان و لق و پۆپەکانی ئەو دوو ڕەوتە و ڕەوتەکانی تایبەت بە ڕژیم، مەجالێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو مافە لەلایەن حیزبەکانی دیکەی خەڵکەوە نییە. نەتەنیا نییە بەڵکوو لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک حیزب پێناسە نەکراون و بەڵکوو بە نەیارانی خۆی ناساندوون و هیچ یەک لەو لەتکەمافانەی کە لەیاسادا دیاریکردوون ئەوان ناگرێتەوە. دووهەم: کەسێتی حقووقی و کەسێتی حەقیقی جگە لە ئەو حیزب و ڕەوتانەی ناویان هاتووە، ناتوانن داوای مۆڵەتنامەی خۆپێشاندان کەن. سێهەم: هیچ مافێک و یاسایەک بۆ خەڵکی ناڕازی دیاری نەکراوە، چوونکی ئەو مۆڵەتنامەیە دیاریی کردووە کە بۆ چ لایەن و ڕەوتێک دەردەکرێ. چوارەم: بە چاولێکردن لە دەقی فارسی و حقووقی ئەو یاسایانە بەڕاشکاوی باس لە خۆپێشاندان (تظاهرات) نەکراوە، ئەوەی هاتووە بەشێوەی (تجمعات و راهپیمایی) هاتووە کە بە مانای کۆڕبەندی و ڕێپێوانە؛ ئەوەش خۆی باری پۆزەتیڤی بەسەردا سوارە و خوێنەر و جێبەجێکارە یاساییەکان زیاتر ئەو مەبەستەی لێ هەڵدەیەنجن کە یاسادانەر مەبەستی  لایەنگر و پشتیوانانی بنەڕەتی دەسەڵات یان لانیکەم ڕێفۆرمخوازەکانە، نەک ناڕازییەکان و دژبەرانی.

بۆیە بە وردبوونەوە و شیکاریی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو بابەتە هەستیارە، هەروەها یاساوڕێساکانی دواتر کە لەسەر ئەو بابەتە پەسند کراون، ڕوون و ئاشکرایە کە بۆ ناڕازییەکان و تەنانەت دژبەرانی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەر ڕەهەند و چەشنێک، هیچ مافێکی یاسایی بۆ خۆپێشاندان یان دەربڕینی ناڕەزایەتی دیاری نەکراوە، کە واتە ناڕازییەکان بە هیچ شێوەیەک مافی خۆپێشاندان و ڕادەربڕینی سەرشەقام و جۆرەکانی دیکەیان بەشێوەی کۆبوونەوە و کۆڕبەند پێ نەدراوە. بۆیە لە دام و دەزگای حکوومیدا دەبینرێ کە لەو خۆپێشاندانانەی شۆڕشی ژینا، کۆی خۆپێشاندەران، ناڕازییان و مانگرتووەکان بە ئاژاوەگێڕ، ئاژاوەچی و تێکدەر و شێوێنەر ناوزەد دەکرێن و بەپێی قوورسایی ئەو وشەگەلە لە دادگاکانیان ڕووبەڕووی تاوانە دژەمرۆییەکان وەک شەڕکەر بەدژی خودای و پیسکەری سەر زەوی لەقەڵەم دەدرێن و محاکەمە دەکرێن. ئەوانە لە کاتێک‌دایە کە لەوبەری پەردەی یاسای کۆماری ئیسلامییەوە هەر وەک لە وتاریکی پێشووتردا باسم کردوە، کارئاسانی بۆ نەهادە ئەمنییەتییەکان کراوە و بە دەستتێوەردان لە یاسا و ئاییننامەی هێزەچەکدارەکانی وڵات، دەست‌ئاوەڵەیی و مافێکی بەربەرین و لەڕادەبەدەر بەو بەشانە دراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵک، سەرکووت کردنیان و تەقەی ڕاستەوخۆ لەو کەسانەی کە بە هەر هۆیەک دێنە سەرشەقام. ئەوەش لەو خۆپێشاندانانەدا بەئاشکرا دەرکەوتووە کە بەپێی بەڵگە و دیکۆمێنتەکان کەسانێک بەجلی ئاسایی و خەڵکی بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ چوارچێوە و سنوورێک بە چەکی جۆراوجۆر ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک دەکەن، دەیانڕفێنن، سەرکووتیان دەکەن و بەرەوڕوویان دەبنەوە و نەتەنیا مافی خۆپێشاندان بۆ خەڵک ناپارێزن و دەبنە هۆی ئاڵۆزی و بشێوی، بەڵکوو ئاییننامەی نێودەوڵەتیی هەڵسووکەوتی هێزە چەکدارەکانیش لەبەرچاو ناگرن. کۆی هەموو ئەوانە دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی کە یاسای بنەڕەتیی وڵات و یاساکانی دیکەی پێ داڕێژراوە و لەو ئایدییایەشدا خەڵک تەنیا دەتوانن لەگەڵ دەسەڵات و بۆ دەسەڵات بن و جگە لەوە، هەر هەڵسووکەوت و قسە و ویستێک بەمانای دوژمنایەتیی خودا و نوێنەرانی خودایە لەسەر گۆی زەوی.