کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئۆکراین و ڕووسیە، دۆزەخێک بۆ کۆماری ئیسلامی

00:06 - 2 سەرماوەز 2722

میرۆ کوردنژاد

وڵاتی ئێران کارتی براوەبوونی هێزە هاوپەیمانەکان لە شەڕی دووهەمی جیهانی بوو. هێزەکانی هاوپەیمان لە ڕێگەی ئێرانەوە توانییان یەکیەتیی سۆڤییەت لەژێر گوشاری سپای نازی ڕزگار بکەن. بەڵام ئەو وڵاتە لەو شەڕە نەک دەسکەوتێکی ئەوتۆی نەبوو، بگرە تا ماوەیەکی زۆریش داگیر کرا. بۆ میناک لەنگەرخستنی یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ ئیمتیازی نەوتی باکووری ئێران و داوای دەسەڵاتداریی دەریای کاسپیەن کە قوربانیکردنی پرسی کورد و کۆمارە ساواکەی بووە هۆی سازان و ساتوسەودای نێوان ئەو دوو وڵاتە.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دروشمی سەرەکیی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات‌گەیشتوو -نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، هەر کۆماری ئیسلامی- وەک سیاسەتێکی ئاشکرا و بەڕواڵەت کۆماری ئیسلامی دژایەتیی زلهێزەکانی دنیای دووجەمسەریی ئەوکاتی دەکرد. بەڵام ئایدۆلۆژیی دەوڵەتی دین‌سالار و دوور لە ئازادی نەیتوانی پارێزەری دروشمەکانی شۆڕش و یەک لەوان ئەم دروشمەی سەربەخۆییە بێت کە خۆی پێوە ڕادەنا؛ بۆیە خۆی خستە باوەشی یەکیەتیی سۆڤییەتەوە.

یەکیەتیی سۆڤییەت کە هەمیشە چاوی تەماحی لە وڵاتی ئێران بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان بڕیبوو، وردە وردە بە بیانووی هاوبەرەیی لە دژایەتی‌کردنی وڵاتی ئامریکا کۆماری ئیسلامیی خستە نێو دوژمندارییەکی نەخوازراو و بێ‌دەسکەوت. بەمجۆرە دروشمەکانی دژی سۆڤییەت لە کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران هەڵگیران و یەکیەتیی سۆڤییەت –ڕووسیە- بوو بە زڕبابی کۆماری ئیسلامی بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ وڵاتی ئامریکا و ئەم ڕەوتە بە درێژایی پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە بەردەوام بوو.

دوای هەرەس‌هێنانی دانیشتنەکانی "ژێنێڤ" و "بەرجام" کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی شکانەکانی لە مەیدانی دیپلۆماسیدا بە یەکجاری خۆی خستە ژێر نیسێی ڕووسیە، ئەویش بە نرخی حاشاکردن پشتکردن لە هەموو ئامانجەکانی شۆڕشی ٥٧، وازهێنان لە بەشە دەریای "کاسپیەن" و بوونی بە سەربازی پیادەنیزامی ڕووسیە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتەدا.

بەبادانی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە شەڕی ڕووسیە و ئۆکرایندا

وڵاتی ڕووسیە هەر لە سەردەمی پێتری گەورەوە بەپێی ئامۆژگاریی پێتر بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان دەستی کردووە بە پان و بەرینکردنی وڵاتەکەی بۆ لای پاناوکەکان. دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و براوەبوونی بەرەی ڕۆژئاوا، زۆرێک لە وڵاتە ژێردەستەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت سەربەخۆیی خۆیان وەرگرتەوە، بەڵام ئەوەی لەو نێوەدا پتر داگیر کرا و بە بڕیاری سیاسییەکانی وڵاتەوە –ڕێژیمی ئیسلامی- کۆلۆنیالیزە کرا، ئێران بوو.

یەکەم هێرشی داگیرکەرانەی ئاشکرای ڕووسیە دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت لە ساڵی ٢٠١٤  داگیرکردنی شێوەدوڕگەی کرێمە، بەشێک لە وڵاتی ئۆکراین بوو. بە ڕای زۆرێک لە سیاسەتوانانی ئەو سەردەم، ئەو جووڵە نیزامی و داگیرکەرانەیە هەڕەشەی ڕووسیە بوو بۆ سەر ناتۆ و سیاسەتی گەمارۆی نیزامی و ئابووری وڵاتی ئامریکا. هۆکاری ئەوەش ئامریکا بوو کە ویستی بە دنەدانی ڕووسیە بیکێشتە نێو شەڕێکی ئابووری و بەرەوڕووکردنەوەی ئەو وڵاتە دەگەڵ هێزی ناتۆ و بەرەی وڵاتانی ئورووپا. دوای داگیرکردنی "کەریمە" ڕووسیە سزای ئابووریی قورسی خرایە سەر و دواتر بەشداریی لە شەڕی سووریەدا و ململانێ دەگەڵ ئامریکا ئەو بارگرانییە لەسەر ڕووسیەی چەندقات کرد.

ڕووسیە بۆ ئەو شەڕە هاوپەیمانێکی دەوڵەمەندی پێویست بوو بۆ وەی تێچووی ماڵی و باری شەڕەکە بخاتە سەر شانی، بۆ ئەو ئامانجە و بە سێ هۆکار ئێران باشترین بەربژێر بوو .

یەکەم، ئێران دوژمنی لەمێژینەی وڵاتی ڕووسیەیە و هەموو کات ڕووسیە خوازیاری نەوت و دەریاکان و سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە بووە. داگیرکردنی قەفقاز و ئازەربایجان و دەریای کاسپیەن میناک بۆ ئەو ئیدیعایەن.

دووهەم، تێهاڵانی وڵاتی ئێران بۆ ئەو شەڕە دەتوانێ بەشێکی زۆر لە بار و هەڕەشە و گەمارۆکانی ناتۆ و یەکیەتیی ئورووپا بۆ لای ئێران شۆڕ کاتەوە.

سێهەم، لاوازبوونی وڵاتی ئێران دەتوانێ ڕێگەخۆشکەر و سەرەتییەکی باش بێت بۆ گەیشتنی ڕووسیە بە ئامانجەکانی درێژخایەنەکانهی ئەو وڵاتە، کە بێ‌شک داگیرکردنی ئەرمەنستان، ئازەربایجان و ناوچە باکوورییەکانی وڵاتی ئێران بەشێک لەوانەن. هەر بۆ میناک ڕووسیە کە خۆی خاوەنی باشترین چەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی شەڕکەرە، بە ئامانجی لاوازکردنی هێزی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی و بۆ شان و باڵنان و تووشکردنی بە شەڕێک کە چەند هەزار کیلۆمیتر لێیان دوورە و هیچ پێوەندییەکی بەوانەوە نییە؛ فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان لە کۆماری ئیسلامی وەردەگرێت. کۆماری ئیسلامییش بۆ بڵاوکردنەوەی ترس، نواندنی هێز و سازکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵانی خەڵک و بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆنی خۆی؛ حاشای لێ ناکات و ساتوسەوداکانی لەگەڵ ڕووسیە ناشارێتەوە.

ڕوون و ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەورەترین دۆڕاوەکانی ئەو شەڕەیە. لەدەستچوونی متمانەی نێودەوڵەتی، بێزراویی پتر لە جارانی لە نێوخۆی وڵات، لاوازبوونی هێزە نیزامییەکەی، دوژمنایەتیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە هەمووان گرینگتر بەهێزبوونی وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە سۆنگەی پەرەسەندنی زیاتری پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا بەشێکی کەم لە زیان و خەسارەکانی شەڕی ئۆکراین بۆ کۆماری ئیسلامین.