کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ڕێژیمی ئێران دەبێ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕابوەستێنێ

10:43 - 2 سەرماوەز 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، داوای لە ئێران کردووە کە بە زووترین کات هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕابوەستێنێ.

ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماەزی ١٤٠١ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە بەیاننامەیەکەدا، داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە لەو هێرشانەدا ئەو شوێنانەی کە ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری ڕێژیمی ئێرانی لێ نێشتەجێبوون کراونەتە ئامانج، بە خێراترین کات ڕابوەستێنێ.

لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بنکە و بارەگاکانی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی دژبەری ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکەن، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە دووبارە هێرشێکی مووشەکی و دڕۆنی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان، بنکەکانی پارتی ئازادی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و سپای تێرۆریستیی پاسدارانیش دەڵێ ئەو هێرشانە بەردەوام دەبێ.