بەرەی گەل بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک
هێرش و پەلاماری داگیرکەران بۆ سەر کوردستانی ڕیسوا و شەرمەزار کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
کوردستانییانی وڵاتپارێز!
دیسانەوە سپای داگیرکەران وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، هاوکات و هاودەست، لە پێش چاوی هەموو جیهانەوە، بە چەکی قورس، مووشەک و دڕۆنی پێشکەوتوو، خەڵکی سڤیلی کوردستانیان کردە ئامانج، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەک خەڵکی نیشتمانپەروەر لە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان گیانیان لە دەست دا و خوێنیان تێکەڵی خاکی نیشتمان بوو.
هیچ گومانی تێدا نییە کە دەوڵەتی تورکیە و ئێران، بەو هێرش و پەلامارانەیان، دەیانەوێ گورز لە پێگەی کوردستانییان بوەشێنن و درێژە بە داگیرکاری و ستەمکاری بدەن.
ئێمە لە کاتێکدا زۆر بەتوندی ئەو هێرش و پەلامارانەی داگیرکاران ڕێسوا و شەرمەزار دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە هەموو ڕێکخراو، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ ئەو داگیرکارییە لەقاو بدەن و دژ بە فراوانخوازیی داگیرکاران ڕابوەستن و سەنگەری بەرگری بەهێز و پتەو بکەن.
هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و بەتوندی سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیل ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین.
جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
لە کەس شاراوە نییە کە گەلی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆی و ڕزگاکردنی نیشتمانەکەی بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو بێپسانەوە تێکشاوە، لەو ڕێیەشدا هەرچەندە کە باجێکی زۆری داوە، بەڵام سەنگەری بۆ داگیرکاران چۆل نەکردووە، کەچی مخابن لەم سەردەمەشدا ڕیژێمی ئێران و تورکیا هەموو یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی و بەهای مرۆڤایەتی لەژێر پێ دەنێن و درێژە بە ستەم و زۆرداری دەدەن.
لەو پێوەندەدا ئەرکی مێژوویی، نەتەوەیی و نیشتمانیی هێزە تێکۆشەرەکانە کە دژ بە کەلـلەڕەقی داگیرکاران هەڵوێست بگرن و بە یەکبوونیان سنوورێک بۆ ملهوڕییەکانی دابنێن.
خەڵکی ئازادایخوازی کوردستان!
ئێستا جەستەی نیشتمان خوێنی لێ دەچۆڕێتەوە، هەموومان داخدار و نیگەرانین، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە بە کردەوە نێو ماڵی کوردەواری پتەو بکرێ، ڕەفتار و سەودای سیاسیی لایەنەکان لەگەڵ داگیرکەران بە تاوانی گەورە بناسێنرێ و قەدەغە بکرێ.
خەباتی ڕەوای گەلانی زۆرلێکراو، سەردەکەوێ.
ستەمکار و داگیرکەران تەنیا نەفرەت و ڕێسواییان بۆ دەمێنێتەوە.
بەرەی گەل
٢١-١١-٢٠٢٢