کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار و جوانڕۆ چەکی شیمیایی بەکار هێناوە

11:53 - 2 سەرماوەز 2722

کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی پیرانشار و جوانڕۆ، چەکی شیمیایی قەدەغەکراوی بەکار هێناوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەمارەکانی مێشکی مرۆڤ دروست دەکا.

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی ڕاپەڕینەکانی خەڵکی شارەکانی پیرانشار و جوانڕۆ کە بە گژ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا چوونەوە، ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە هەموو جۆرە چەکێکی وەکوو دۆشکا، کڵاشینکۆف و چەکی شیمیایی قەدەغەکراو کەڵکی وەرگرتووە؛ کارناسانی چەکی شیمیایی باسیان لەوە کردووە کە ئەو گازە شیمیاییە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەمارەکانی مێشکی مرۆڤ دروست دەکا، ئەوەش یەکێکی دیکە لە جیناتەیەکانی ڕێژیمی ئێرانە کە دژی خەڵکی کورد دەیکا.

ئەو گازەی کە کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی راپەڕیوی پیرانشار و جوانڕۆ بەکاری هێناوە ناوی هێگزاکلرواتان "cs"ـە کە یەکێکە لە چەکە قەدەغەکراوەکان و کۆنواسیۆنی بەرگری لە بڵاوکردنەوەی چەکە شیمیاییەکان لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینیی ئەو گازەی قەدەغە کرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە بێ گوێدان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو گازە شیمیاییەی بەدژی خەڵکی پیرانشار و جوانڕۆ بەکار هێناوە و پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی لەسەر ئەو جینایەتە نوێیەی ڕێژیمی ئێران بێتە دەنگ.