کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی کوردستان سەرکۆنەی هێرش و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامیی کرد

13:16 - 2 سەرماوەز 2722

پارلمانی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی دوایین ھێرش و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پارلمانی کوردستان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە باسی لە دوایین ھێرشی مووشەکی و دڕۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای ھەولێر و پارێزگای سلێمانی کرد و بەتوندی ئیدانەی ئەو ھێرش و پەلامارە بێ‌پاساوانەی کرد و ڕایگەیاند: وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرجەم درواسێکان لەسەر بنەمای ڕێزی ھاوبەش و بەرژەوەندیی ھاوبەش و دەستتێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتری و پابەندبوونی تەواو بە یاساوڕێسا نێوەدەوڵەتییەکان، ھێرش و پەلاماری سەربازی لەھەر لایەکەوە بێت سەرکۆنەی دەکەین.

هەروەها پەرلەمانی کوردستان وتی: پێمان وایە چارەسەر و مێکانیزمی سەربازی نەک ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵکوو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتیی ناوچەیی دەخاتە مەترسیی زۆرترەوە و داوا لە حکوومەتی فێدڕاڵ دەکەین، زیاتر بە ئەرکی دەستووریی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەستێت و ھەموو ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ ئەو ئامانجە بگرێتە بەر و ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و جیھانی و پێشگرتن لە پەرەسەندنی ناسەقامگیری بە ئەرکی سەر شانیان بزانن و بێ‌دەنگ نەبن.