پارلمانتارێکی کورد لە کۆبوونەوەی پارلمانی عێراق داوای کردووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێ.
ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پارلمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا مووشەکباران و تۆپبارانکردنی هەرێمی کوردستانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیەوە تاوتوێ کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا "زۆزان عەلی"، ئەندامی پارلمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دێموکراتی کوردستان، داوای لە پارلمانی عێراق کرد کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێ.
ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوەش کرد کە، فراکسیۆنە کورستانییەکان یەکدەنگ بوون و داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد کە هەڵوێستی جیدیی هەبێ و تەنیا سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و تورکیە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان نەکا، بەڵکوو ڕایانبگرێ و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگریی لە خۆیان بکەن و هێزی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگە دروست بکرێ بۆ پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.