ئەلبورز ڕۆئینتەن
دو مانگ لە ڕۆژی یەکەمی شۆڕشی نوێ تێپەڕ بوو، ڕۆژانێکی پڕ باس و ڕووداو. چونکە هەر ڕۆژێک لەو دو مانگە دنیایەک پێشهاتی لە دڵی خۆیدا تۆمار کردووە. هەر ڕووداوێک دنیایەک خەم و ئازار و هەستانەوە و قارەمانێتی لە خۆ دەگرێت کە بۆ وەسفی هەر کام لەوان ڕۆمانێک لە وشە بەش ناکات.
ئەوەی لەو دوو مانگە لە گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی دیتوومانە، لەنێو گەلانی ئازادیخوازی دونیادا دەگمەن و نموونەن و، نرخێکی بێوێنە و حەماسەیەکی گەورەی ئافراندووە، ئەو نرخە کە ئازادی بەرهەم دەهێنێ، لە ئێستادا هیوایەکی گەشاندۆتەوە کە لە هەموو کات زیاتر دەرکەوتنی خۆری ئازادیمان لێ ڕوون و دیارترە.
ئەو خەباتە بەرفراوانە و ئەو نرخە زۆرە وێڕای ئەوەی هیوای ئازادیی لە نێو ئێمەدا زیاتر لە هەموو کات بوژاندۆتەوە پرسیارێکی پێویست و جیدیش لە مێشکی ئێمەدا دەوروژێنێ، ئەویش ئەوە کە کەی سەردەکەوین و چۆن ئەو سەرکەوتنە بەزوویی بەدی دێ، چونکە دڵنیاین هەر سەردەکەوین.
تامەزۆری ئازادی بۆ گەلانی ژێردەست و گەیشتن بەو ئازادییە و ڕزگاربوون لەو جینایەتکارانە وا دەکات کە ئەو پرسیارە جیدییە زیاتر لە هەر کاتێکی دی ببێتە هۆی سەرقاڵی و تەنانەت کاریگەرییش لەسەر بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیش دادەنێت. هەر بۆیەش وەڵامی ئەو پرسیارە جیدی و گرینگە.
بە بۆچوونی من دەتوانرێ بگوترێ یەک هەنگاو تا سەرکەوتن ماوە، بەڵام ئەو هەنگاوە چییە، دەبێ شرۆڤە بکرێت:
ئەم هەنگاوە بۆ ڕاپەڕیوان زیاتر یەکگرتن و بەرفراوانکردنی خۆپێشاندان و هێرشکردنە بۆ سەر دامودەزگای دەوڵەتی و ئازادکردنیان. پێداویستیی ئەو هەنگاوە ئێستا لە تاران زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە هەستی پێ دەکرێت و تەنانەت لە تارانیش ئەبێ ئەو خۆپێشاندانە گرینگ و بەربڵاوە شەقامی پاستۆر و "بەیتی ڕەهبەری" بکاتە ئامانج. بێگومان ئەمە هەنگاوێکی ئاسایی و ئاسان نییە، بەڵام جیا لە هێرشکردنە سەر مێشکی ئەو ڕێژیمە دەست و پێی لە کار ناکەوێت و مێشکی ئەو ڕێژیمەش لەوێیە. ئەو خۆپێشاندانە میلیۆنییە دەتوانێ ئازادیی ئێران بە دی بێنێ و
ئەم هەنگاوە هەنگاوی سەرکەوتنی شۆڕشە و ڕووخاندنی سیستمی کۆماری ئیسلامییە.
ئەگەر بە هەزاران خۆپێشاندەر بتوانن لە مەهاباد دەست بەسەر فەرمانداریدا بگرن، بە سەدان هەزار کەس دەتوانن لە ناوەندی پارێزگاکان، پارێزگاکان ڕزگار بکەن و بە میلیون خەڵکیش دەتوانن ئەو کارە لە تاران بکات. کە واتە مومکینە و ئەو ڕۆژە هەر دێت، بەڵام گرینگی لەوەدایە کە ئەو ڕۆژە چەندە زووتر بێ و چەند باشتر بتوانرێ هەموو هێزی ڕاپەڕیوان بۆ ئەو بابەتە ڕێک بخرێ، قوربانی کەمتر و سەرکەوتن زووتر دەبێ.
ئەو هەنگاوە بۆ ئۆپۆزسیونی ڕێژیم بە تایبەتی فارس ڕێککەوتن و پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی دێموکراتیکە کە خەڵک بیبێنێ و وەری بگرێ. لە ئێستادا نەبوونی ئەو خاڵە بە گرینگترین کەموکوڕیی شۆڕش دادەنرێ و بەرچاوڕوونیەکی تەواو لە پێش ڕاپەریوان نییە بۆ ئەو بابەتە. هەر بۆیەش بە هەبوونی ئەو بەرنامەیە دەتوانرێ ئێرانێکی دیکە بونیاد بنێرێت، ئەگەر نا سناریوی جیاواز و ئەستەم لە بەردەم ئێرانی داهاتوودایە.
ئەو هەنگاوە بۆ ئۆپۆزسیونی کورد بە گشتی و ناوەندی هاوکاری بەتایبەتی گەڵاڵەی ڕوونی داخواز و ویستەکانی کورد و پلانی بەڕێوەبردنی کوردستانە، بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو ئەگەرە جیاوازەکانی داهاتووی ئێران لە ئەمنییەت و ئەماندا بمێنێتەوە، ئەو گەڵاڵەیە دەبێ لە مێژووی ڕابردووی خوێناویمان لە ژێردەستەیی، لە واقعیەتی ئێستا و، داخوازە ڕەواو و بەرحەقەکانی گەلی کورد لە کوردستان سەرچاوەی گرتبێت و ببێت بە پشتیوانی ئەو پلانەی کە میکانیزمی جیاوازی بۆ قوناغی جیاواز و دامەزراندنی دامەزراوە نیشتیمانی هەیە و مێکانیزمی پاراستنی ئەو دامەزراوە نیشتیمانییانەشی بە ڕوونی و ژیری دیاری کردبێت.
نابێ ئەو ڕاستییەی ئێستای گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و ئێران لەبیر بکەین و ئەو هەنگاوانە بەئاسان وەسف بکەین، بەڵام کردەنین بێتوو هەوڵی هەموو لایەنەی بۆ بدرێت، بە تایبەتی لە کوردستاندا. ئەگەری هاتنەئارای خێرا و هەماهەنگیی ئەو هەنگاوانە زۆر ئەستەم دێتە بەرچاو، بەڵام کام هەنگاو پێشتر ڕوو دەدات پێشبینی ناکرێت، بۆ نمونە کێ دەڵێ لە ڕۆژانی داهاتوو ئەو خۆپێشاندانە میلیۆنییەی کە "بەیتی ڕەهبەری" بە سەر رەهبەریدا دەڕووخێنێ نایەتە دی و هەموو هەنگاوەکانی دیکە بە دوای خۆیدا ناهێنێ، ئەوکات ئەوانە سەرکەوتووترن کە لە پێشتر و لانی کەم ئێستاوە ئامادەی هەنگاوی سەرکەوتن و ئامادەکاریی خێرا و وردی خۆیان کردبێ.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوو مانگ پێش، کەم بوون ئەوانەی ئەوڕۆیان پێشبینی کردبوو، ئەوە بەڵگەیە کە سبەی زۆر جیاوازتر دەبێت لە ئەمڕۆ و تەنانەت لە ئەو پێشبینیانەش کە دەکرێت؛ کەواتە هەتا سەرکەوتن هەنگاوێکمان ماوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٥ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.