کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچی نیشتمان نەبم ئەگەر تۆڵەی نەستێنم!

20:45 - 2 سەرماوەز 2722

ئاسۆ مینبەری

دەڵێن هیچ خۆشەویستییەک بارتەقای خۆشەویستیی دایک و باوک بۆ جگەرگۆشەکەیان نییە، خۆشەویستییەکی بێ‌سنوور کە زۆر جار دایک و باوکان ڕوو لە منداڵەکانیان دەڵێن تا نەبن بە دایک و باوک لەو خۆشەویستییە تێ‌ناگەن! ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە شەقامەکانی کوردستاندا دەبینرێت، دەمانباتە قووڵایی بیرکردنەوەیەکەوە و تووشی تێڕامانێکمان دەکا کە ڕەنگە لە هیچ قۆناغێکی ژیانماندا ئەزموونمان نەکردبێ.

لە شەقامەکانی کوردستاندا، ڕۆڵە دڵ پڕ لە خۆزگەکانی ئەم نیشتمانە بەرانبەر بە داگیرکەر دەوەستنەوە، لە بەرەنگاربوونەوەیەکی نابەرانبەر و نادادپەروەرانەدا و تەنیا بە یەک چەک، ئەویش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن و بە گوللــەی دوژمنی دڵ پڕ لە قین وڵامیان دەدرێتەوە. ئەوان شەهید دەبن و دەچنە ڕیزی نەمرانی گەلەوە، دوژمن لە تەرمەکەشیان دەترسێ و هەوڵی ڕفاندیان دەدات، ڕێوڕەسمی ناشتنەکەیان بە پێچەوانەی ڕەوتی باوی کۆمەڵگە لە دیمەنێکی لێوڕێژ لە شیوەن و ڕۆڕۆوە، دەبێتە گۆڕەپانێکی بە لرفە لە هێزی گەل کە بە دروشمی شەهید نامرێ دەڕازێتەوە. کوڕ لە خەمی لەدەستدانی باوکدا، پەیامێکی ورەبەخش بە خەڵک دەدا و پێ لە سەر ئەوە دادەگرێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان داگیرکەرە و دەبێ بەرەنگاری ببینەوە. باوک لە سەر گۆڕی کوڕە شەهیدەکەی دەڵێ "چونکە لە ٢٥ی گەلاوێژدا لەدایک بوو ناوم لێ نا کۆمار" و باس لە کوڵی دڵی زامداری بۆ لەدەستدانی کوڕەکەی دەکات؛ بەڵام وەک قەڵایەک لە باوەڕ سوورە لە سەر ڕێبازێکی پیرۆز کە هەڵی‌بژاردووە و کوڕەکەشی لەپێناویدا شەهید بووە. دایکی جەرگ‌سووتاو، بە چۆپی سوورەوە پێشوازی لە تەرمی کوڕە شەهیدەکەی دەکات و دایکێکی دیکە بە هەموو ئازاری لەدەستدانی کوڕەکەیەوە دەڵێ کوڕی من شەهیدە و پێشکەشی دەکەم بە کوردستان، کچی نیشتمان نەبم بەڵام ئەگەر تۆڵەی نەستێنم!

ئەمانە تەنیا نموونەیەکی بچووک لە دەریای خۆڕاگری و باوەڕی ئەو کەسانەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە ڕەوتی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکاندا، ئازیزانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە و، هەر ئێستا کوردستان پڕە لەم چیرۆکانە کە دەنگیان بە گوێی هەموومان گەیشتووە.

زیاتر لە دوو مانگە ڕووباری بە لرفەی هێزی گەل، کوردستانی کردووەتە جەهەنەمێک بۆ دوژمن. زیاتر لە دوو مانگە خوێن دەدەین و ئەم دیالۆگانە لە زاری کەسانێکەوە دەبیستین کە ڕەنگە هیچ‌کات نەتوانین هەست بە ئازارەکەی دەروونیان بکەین. بیستنی ئەم وتە ڕاستەقینانە لە زاری زامدارترین کەسەکانی ئەمڕۆی نیشتمانی ئێمەوە ناخهەژێنە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەبیرمان دێنێتەوە کە دەبێ لە کوێی هاوکێشەی ئەم ژیانە داسەپاوەدا ڕاوەستین و بە دوژمن بڵێین بوەستە! چیدیکە ناتوانی بمانکوژی، ئازارمان بدەی و لە خاکی خۆمان وەدەرمان بنێی، ئەوە نیشتمانی ئێمەیە و بێگومان ئەوەی کە ئەبێ بڕوات تۆی نەک ئێمە!

کاتێک دایکێک لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی کوڕە شەهیدەکەیدا، دەڵێ کوڕی من شەهیدە و پێشکەشی دەکەم بە نیشتمان، هاوکات لەگەڵ ئەوەی وەفای بۆ خاکەکەی ڕادەگەینێ، ئەرکی قورسی بەردەوامبوونیش دەخاتە ئەستۆی خەڵکەوە، بێگومان ئەمە بۆ هیچ دایکێک کارێکی ئاسان نییە کە بەو ڕادە لە خۆڕاگرییەوە و لەکاتێکدا کە خەریکە بۆ هەتاهەتایە تەرمی کوڕەکەی بە خاک دەسپێرێ بە وشەکانی هەم بتوانێ هەستی خەڵک بجووڵێنێ و هەم ئەرک بخاتە سەر شانی جەماوەر و لە ڕاستیدا ببێتە لیدری راپەڕینەکان.

بێگومان یەکێک لە گرینگترین جیاوازییەکانی ڕاپەڕینی ئەمجارەی کوردستان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی پێشوو، ڕۆڵی ژنان لە ڕەوتی ڕاپەڕینەکەیە. ئەگەر لە ڕابردوودا دایکان پێشیان بە منداڵەکانیان دەگرت تاکوو نەچنە نێو دۆخی ئاڵۆزی شارەکانەوە بۆوەی گیانیان بپارێزرێ، ئێستا دایکان هاوشان لەگەڵ منداڵەکانیان لە گۆڕەپانی خەبات و ڕاپەڕیندا بەشدارن و بە نیشاندانی خواستی هاوبەشی دوو بەرەی جیاواز لە یەک قاپدا، داوای مافەکانیان دەکەن.

هەرچەند ئەو نرخەی کە ئێستا لە کوردستان دەدرێت، زۆر زۆر قورستر لەوەیە کە لە باقی شارەکانی ئێراندا دەبیندرێت، بەڵام بێگومان ئەم نرخ و قوربانیدانە، جیاوازیگەلێکی بنەڕەتیشی هەیە، بۆیە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە. مانگرتنی بەردەوامی ڕۆژانە، ڕاپەڕینی بەردەوامی شەوانە، بەشداریی خوێندکاران، بازاڕییان، ژنان، لاوان و تەنانەت مێرمنداڵان لە ڕاپەڕینەکەی ئەمجارەدا، نیشان دەدات کە چۆناوچۆن هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئامادەی گیانفیدایی بۆ وەرگرتنەوەی خاک و نیشتمان لە داگیرکەرن.

لە ماوەی هەموو ساڵانی ڕابردوودا کە ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسەر کوردستان کردووە، ژنان هەمیشە و لە هەموو ڕووداوەکاندا پێشەنگایەتیان لەئەستۆ گرتووە، بەڵام دەڵێی ئەم قۆناغە لە خەبات، زیاتر هێزی ژنانی دەرخستووە و لەم قۆناغەدا زیاتر خەریکی سەلماندنی ئەو ڕاستییەن کە هەمیشە و لە هەر دۆخێکدا توانایی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنیان هەبووە و هیچکات پێناسەی باوی ڕێژیمیان بە پێناسەی ڕاستەقینەی خۆیان نەزانیوە.

بیستنی ئەم ڕستەیە، "کچی نیشتمان نەبم ئەگەر تۆڵەی نەستێنم" لە زاری دایکێکی دڵ بریندارەوە زیاتر لەوەی کە بارستایی خەمێکی قووڵمان پێ نیشان بدات، ئەو پەیامەمان پێ دەگەینێ کە سەرەڕای هەموو زامەکان، لەسەر پێین و بەردوامین تاکوو بتوانین بەو ئامانجە بگەین کە ڕۆڵەکانی کوردستان لەپێناو وەدیهێنانیدا گیانیان بەخت کرد.  

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٥ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.