کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شۆڕشی سەرانسەریی لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەدژی ڕێژیم

12:15 - 3 سەرماوەز 2722

سەرەڕای سەرکوتی خوێناویی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێران شۆڕشی سەرانسەری بەدژی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتێکدا شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامە، چالاکانی مەدەنی و ناڕازییان، بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە ڕۆژانی داهاتوودا بانگەوازی گشتییان ڕاگەیاندووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە درێژە بە شۆڕشی سەرانسەریی دەدەن تا دەگەن بە ئامانج.

هەر لەو بارەیەوە لاوانی شاری تاران، لە بانگەوازێکی گشتیدا لەگەڵ خەڵکی سەرانسەریی ئێران‌دا داوایان کردووە کە خەڵکی تەواوی شارەکانی ئێران و کوردستان بەدژی کۆماری ئیسلامی بڕژێنە سەر شەقامەکان و تا کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نگریسی ڕێژیمی خامنەیی شەقام چۆڵ نەکرێ.