وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، لە درێژەی گەمارۆکانی بەدژی ڕێژیمی ئێران، سێ بەرپرسی پلەبەرزی ئەو رێژیمە کە دەستیان لە سەرکوتی خەڵکی کوردستان هەبوو، خستە لیستی گەمارۆکانیەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، "برایان نێلسۆن"، جێگری وەزیری وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاند کە، لە نوێترین گەمارۆی خۆیدا بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ بەرپرسی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران بە ناوەکانی "حەسەن عەسکەری، پارێزگاری سنە، عەلیڕەزا مورادی، فەرماندەی ئینتزامی ڕێژیم لەو شارە و محەممەدتەقی ئەسانلوو، فەرماندەی مۆڵگەی هێزی زەوینی سپای تێرۆریستی پاسدارانی بەهۆی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان خستووەتە لیستی گەمارۆکانییەوە.
بەپێی گەمارۆ نوێیەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، تەواوی سەروەت و سامانی ئەو سێ کەسەی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ئامریکا بلۆکە کراوە و کەس یان هەر کۆمپانیایەک کە لەگەڵ ئەو کەسانە کار بکەن دەخرێنە لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە.
"برایان نێلسۆن" وتی: خەڵکی ئێران کە هاتوونەتە سەر شەقامەکان داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیانکوژێ و توندوتیژییەک کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی ئەنجامی دەدا، دەبێ بە زووترین کات ڕابگیرێ و کۆتایی پێ بهێنرێ.