کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی‌هاتنی دەورەی ٢٥٩ی فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

14:19 - 3 سەرماوەز 2722

پۆلێکی دیکە لە لاوانی نیشتمانپەروەر و خەباتکاری کورد هاتنە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە.

پۆلێکی دی لە کوڕان و کچانی بەوەج و ئەرک‌وەخۆگری کوردستان کە بۆ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و سیاسیی خۆیان ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان هەڵبژاردووە، پاش پەروەردە و ڕاهێنانیان لە دەورەی ٢٥٩ی فێرگەدا، بەڕەسمی بەرگی پێشمەرگایەتییان پۆشی و لە ڕیزەکانی ئەم حیزبەدا سازمان دران.

لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆتایی دەورەی ٢٥٩ی فێرگەدا موختار سۆهرابی، بەرپرسی فێرگە وتارێکی پێشکێش کرد. بەڕێزیان وێڕای پیرۆزبایی لە بەشدارانی دەورە، لەسەر بارودۆخی هەستیاری ئێران و کوردستان پاش ڕاپەڕینی سەرانسەریی ژینا و ئەرک و زەروورەتەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد و بەرپرسایەتیی پێشمەرگانە بۆ بەشداران دوا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا چەند بەشداربوویەکی دەورە کە توانیبوویان لە تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکانی دەورەدا ئاستی بەرز وەدەست بێنن، خەڵات کران.