کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە سنە

15:05 - 3 سەرماوەز 2722

خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆی کوردستان لە سنە، بەردەوامن لە مانگرتنی گشتی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیم.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کوردستان لە سنە، پاش بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە مانگرتنی گشتی بەردەوامن و مامۆستایانی زانکۆ ڕایانگەیاندووە؛ مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی مامۆستا و خوێندکارە دەسبەسەرکراوەکان ئازاد دەکرێن و سەرکۆنەی دەسبەسەرکردنی مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆیان کرد و بە ناڕەوایان زانی کە دەسبەسەر کراون.

مامۆستایانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، داوایان کردووە کە، هەر جۆرە بانگ کردنێک، لێکۆڵینەوەی ئەمنی، دەسبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە مامۆستا، کارمەند و خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە دەرەوەی زانکۆ ڕابگیرێت.

لە ماوەکانی ڕابردوودا خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، زۆر جار پشتیوانییان لە خۆپێشاندەران کردووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە،  ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش بە توندترین شێوە هێرشیان کردووەتە سەریان و دەسبەسەریان کردوون.