کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هونەرمەندێکی کورد لە تاران

15:09 - 3 سەرماوەز 2722

گرافیستێکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی "حەمید نیکخا"، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، "حەمید نیکخا"، هونەرمەندی گرافیستی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا هیچ زانییارییەک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە؛ هێزە سەرکوتکەرەکانیش هۆکاری دەسبەسەرکردنیان بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیاندووە.

"حەمید نیکخا"، یەکێک لەو هونەرمەندە ناسراوانەی کوردستانە، کە بە کارە گرافیکییەکانی بۆ بابەتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ناوبانگی دەرکردووە، وەک کارە گرافییکییەکانی بۆ کۆڵبەران لەسەر شاخەکانی مەریوان، بۆ بەندکردنی مامۆستایان لەنێو کۆڵان و شەقامی شارەکان، بۆ گیان لەدەستدانی ژینگەپارێزان و پێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵان، بەڵام چەند ساڵێکە لە شاری تاران دەژی و هاوکات لەگەڵ دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی کوردستان و ئێران بەردەوام بووە لە کارە هونەرییەکانی وەک پشتیوانییەک بۆ خۆپیشاندەران.