کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵات لە درێژەی شۆڕشی ژینادا

11:24 - 4 سەرماوەز 2722

هەژار ڕەشید برینجی

“هر کسی کو دور ماند از اصل خویش بازجوید روزگار وصل خویش.” 

ئەوە لە هەلبەستە زۆر جوانەکانی مەولانایە بە زمانی فارسی. ڕۆژی پێنجشەممە کوردستان ڕۆژێکی بۆ تاقیکاری دیاری کرد و ویستی هەڵیبسەنگێنێت کە گەلۆ نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای بەناو ئێران چەندە کورد بە شەریکی خۆیان دەزانن!

دەرکەوتەکەی ڕوونە و زۆر ناچمە سەر ئەوە چونکە من خۆم هەتا ڕادەیەکی باش دەمزانی ناو دڵی ئەوان چی تێدایە و دۆستە نێزیکەکانم ساڵیانێکی زۆرە هەستی من بۆ بیری نەتەوایەتی دەزانن. لەگەڵ ئەوەی من پێم وا نییە کورد شکستی هێناوە و پێم کۆتایی ڕێگاش نییە لەگەڵ ئێرانییەکان، ئەوەی دەمەوێت بپەرژێمە سەری بەردەوامیی خەباتی خۆمان و  دۆخی ئێستا و دۆزینەوەی باشترین ڕێگای مومکینە کە کەمترین زیان بە کورد بگەیێنێت و خۆمان بە شتی لاوەکییەوە خەریک نەکەین. 

هەڵسوکەوتی حیزبەکان

لەگەڵ ئەوەی زۆر کەس ڕەخنە لە حیزبەکان دەگرن، بە بڕوای من حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژی یەکەمەوە زۆر واقیعبینانە لەگەڵ ڕووداوەکان جووڵایەوە و بەتایبەت کاک مستەفا هیجری وەک ڕێبەری دیاری کورد لە ڕۆژهەلات زۆر باش دەیزانی کە لە کۆتاییدا ئێمەی کورد دەبێت ئامانج و ستراتێژییە نەتەوایەتییەکانمان بۆ گرینگتر بێت و پاراستنی گەلی کورد ئەرکێکی سەرەکییە. 

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە کۆتا پەیامەکانی کاک مستەفا لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوو لەسەر ڕاگەیاندنی حیزبەکە و هەروەها هەژماری تویتەری بەڕێزیان ئەوە بە دیاری بەرچاو دەکەوێت کە کاک مستەفا پاراستنی لاوانی کورد و هەروەها بەرەوپێشبردنی ستراتێژیی نەتەوایەتیی مەبەستە.

ئێستاش بە بڕوای من دەبێت ئامانجی ستراتێژیک و دوورمەودا هەر ئەوە بێت کە هەموو تاکتیک و هاوپەیمانی و هاودەنگییەک دەکەین بەڵام لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کوردستان. 

باشووری کوردستان 

خاڵێکی دیکە پەیوەندیی بە باشووری کوردستانەوە هەیە کە ئێستا لە ژێر زەختێکی زۆری ئێران و تورکیە و حکوومەتی ناوەندی عێراقدایە و ئەگەر حکوومەتی ناوەندیی سووریە بەهێز بێتەوە ڕەنگە ئەوانیشی بێتە سەر. 

لە ڕاستیدا بوونی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە و پەکەکە و هتد بەهانەیە بۆ ئەو ڕێژێمانە و وەک تاکتیک بەکاری دێنن بۆ هێرشکردنە سەر باشووری کوردستان ئەگینا لە هەمووی سەرەکیتر یەک خاڵە:

بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسڵەحەت و بەرژەوەندیی تاکتیکی و ستراتێژیی کورت مەودا و درێژمەودای ئەو وڵاتانە یەک ناگرێتەوە. 

ئێستا ناچارن بە هۆی ئەو دیفاکتۆ یاساییەی کە هەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن. کەوابوو ئێمە بۆ ئامانجە ستراتێژییەکانمان چی دەکەین! منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو دۆستە هێژایانەی لەم یەک و دوو ڕۆژەدا باسیان لەوە کردووە کە “ڕەمزی مانەوەی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوایزی گەلی کوردە لە ڕۆژهەلاتی نیشتمان”. ئەگەر ئەم سەرکەوتنە ڕوو بدات ئەوا مەترسییەکی گەورە لەسەر باشوور لا دەچێت. دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناو کێشەکانی باشوور دەبڕدرێت، بەغدا ئەوەندە بێمنەتانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوت ناکات و دوو پارچەی کوردستان کە هێزە نەتەوەییەکان زۆرینەی کۆماڵگایە کە رێبەرایەتیی دەکەن دەتوانن زۆر بە ئاسانی هاوپەیمانی یەک بن وەک چۆن تەنانەت لەو ڕەوشە خراپەی ٣١ سالی ڕابردوو بە هەموو هەوراز و نشێوەکانییەوە هێزەکانی ڕۆژهەلات لە هەموو کاتدا بەرژەوەندییەکانی باشووریان پاراستووە. هەر بۆیە باشووری کوردستان ئەگەر پشت لە هێزەکانی ڕۆژهەلات بکات ئەوە لە ڕاستیدا هەنگاوێکی زۆر مەترسیدار دەبێت کە لە ڕۆژهەلات زیاتر زیان بە باشووری کوردستان دەگەیێنێت. 

دیپلۆماسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 

خاڵی سێهەم ڕاستییەکە کە دەبێت زۆر بە گرینگی بەرچاومان بێت و کاری بۆ بکەین ئەویش لاوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە پەیوەندییە نێودەولەتییەکاندا. بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی کە شۆڕشی ژینا لە رۆژهەڵات دەستی پێ کرد و گەورە بوویەوە بەڵام لە ڕاستیدا نەتەوەکانی دیکەی جوگرافیای ئێران دەنگەکەیان گەیاندە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەوان لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ سالی ڕابردوو هەر لەو بوارە هەوڵیان داوە و هیچی تریان نەبووە. 

رۆژهەڵاتی کوردستان دەروازەی دێموکراسییە بۆ ئێران و هەموو ناوچەکە چونکە بەهێزترین جووڵانەوەی جەماوەریی هەیە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە حدکا، کۆمەلە، پاک، خەبات، پژاک و هتد کەمیش بێت هێزی پێشمەرگەیان لە ڕەگی مل لە کۆماری ئیسلامی نێزیکترە و لە ماوەی ڕابردوو لە هەموو کات زیاتر ئەوە دەرکەوت کە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامییە.

 هێزی پێشمەرگە لە ڕاستیدا لەسەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتە و تەنها لەودیو سنوورەکان نییە.
 

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ڕاستیانەی لە سەرەوە باس کراون، ئێمە هۆکاری زۆر زۆر بەهێزمان هەیە بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەڵام هەتا ئێستا یان بە تەواوی باوەڕمان بە دیپلۆماسی نەبووە یان ئیمکاناتمان بۆ دابین نەکردووە،  یانیش ڕێکارە کلاسیکەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان لاواز بوون و دەبێت بیانگۆڕین. 


ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاگەیاندن

خاڵی چوارەم شێوازی بەکارهێنانی ڕاگەیاندنە بۆ ئامانجە نەتەوایەتییەکان لە چوارچێوەی تاکتیکی ڕۆژانە و ستراتێژیی درێژخایەن. 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری ڕاگەیاندنەوە فەقیرە. نەک هەر خۆمان هەتا ئێستا نەمانتوانیوە ڕاگەیاندنێکی بەهێزی پیشەییمان هەبێت، بەڵکوو نەمانتوانیوە بە باشی لە ڕاگەیاندنەکانی ئەوانی دیکەش کەڵک وەربگرین. سەرەکیترین هۆکاریش ئەوەیە کە بەداخەوە هەموومان پێمانوایە دەبێت لە هەموو بوارێکدا کار بکەین یان قسەمان هەبێت. ئەوە تەنها کێشەی ئێمەی کوردی ڕۆژهەکات نییە بەڵکوو هەموو خەڵکانی جوگرافیای ئێران هەمان کێشەیان هەیە. بۆ نمونە هیچ ڕاگەیاندنێکی فارسی دەرەوەی ئێران کە بە بوودجەی زلهێزەکانی بەڕێوە دەچێت بە بەڕێوەبەریی ئێرانی، بە هیچ نەگەیشتوەە هەتا بەڕێوەبەر گۆڕاوە بۆ بیانییەک ئەو جار هەموو ملیان داوەتە کار. 

کۆماری ئیسلامی کولتورێکی زۆر خراپی تەنانەت لە ناو نەیارەکانیدا بونیات ناوە، ئەویش ئەوەیە“ئەگەر خۆت بۆت نەکرا مەهێڵە کەسی دیکەش بیکات” ئەوە سەرچاوەی هەرە گەورەی کێشەنانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ یەکتری کە زۆرجار وای کردووە ئامانجە سەرەکییەکان و دوژمنان و ناحەزان لە بیر بکرێن لەبەر دژایەتیی خۆمان. 

دەبێت تاکی کورد، ڕووناکبیری کورد، چالاکڤانی کورد، پێشمەرگە، سیاسیکار و ڕێبەری کوردان بزانن چۆن دەتوانن زۆر بە باشی لە ڕاگەیاندنی خۆیان و ئەوانی دیکە دەربکەون، جا ڕاگەیاندنی کوردی بێت، ئێرانی بێت یان نێودەوڵەتی. بە دیاریکراوی ئەم ڕۆژانە بینیم پێشکەشکاری تیڤییەکی ئێرانی زۆر لە نوێنەری حیزبەکان توندتر بوو بەرامبەر “جینۆسایدی” کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە وشەی “جینۆساید” بەکار دێنم چونکە کاتێک پێشکەشکار دەڵێت “ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیکات قەتڵ و عامە”، دەبێ ئێمە بلێین کە ئیتر ئەوە قەتڵ و عام نییە بەڵکوو جینۆسایدێکە بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێت و دەبێ هەر لە ئێستاوە کار بکەین بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کورد دەیکات! 

کۆتایی 

لە ماوەی ٣٠ سالی ڕابردوودا کە زۆرینەی ژیانمە و کون و کەلەبەری زۆرم لەو ماوەیەدا کردووە و شانسی ئەوەم هەبووە لەسەر عەرزی واقیع شاهیدی زۆر ڕووداو و کاری گرینگ بم، بەو قەناعەتانە گەیشتووم؛ 

- سیاسەتی کورد نابێت شەرمێونانە بێت. دەبێ ڕاشکاو بێت و شەرم لە باسکردنی داواکارییە ڕەواکانی ئەم نەتەوە بێ بەختە نەپرینگێتەوە. 

- کورد دەبێ واقیعبین بێت و لە ئیحساسات و هەڵبەز و دابەز خۆی بە دوور بگرێت، چونکە هەموو باش دەمانناسن و ڕێک خاڵە لاوازەکان بە دژی ئێمە بەکاردێنن. 

- کورد دەبێ پلانی هەبێت. بێ پلانی ماڵوێرانیی بە دواوە دێت وەک چۆن شۆڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧) بە وتەی زانایان لەبەر بێ پلانی دزرا. 

- کورد پێویستی بە هێڵی سووری نەتەوەیی هەیە. لە بواری تاکتیک و سیاسەت و تێڕوانین هەرچەند جیاواز بین باشە، بەڵام بەزاندنی هێڵی سووری نەتەوەیی دەبێت ئیتر کۆتایی پێ بێت. 

- ڕاستە ئێمە شۆڕشگێرین و هیچ نەتەوەیەک لە جیهان هێندەی ئێمە ئامادە نییە بۆ پێشکەشکردنی ڕۆڵەکانی لەپێناو وڵاتەکەی، بەڵام یەک دڵۆپ خوێنی کورد هێندەی دونیا گرینگە و دەبێت بپارێزرێت و دەستکەوت بە کەمترین نرخ بێت.
 ژمارەی شەهیدەکانی ڕێبازی ڕزگاریی کوردستان بارتەقای ڕزگاریی هەموو کوردستانە هەتا ئێستا.

- سەرکەوتنی کورد لە پێناو بەهێزی کوردە. ئەو هێزەش لە هەموو بوارێکەوە بەتایبەتی هێزی ماددی، هزری، تەکنیکی، دیپلۆماسی و سەربازی. بۆ بەدەستهێنانی ئەو هێزانەش ئەرک دەکەوێتە سەر تاک تاکی کۆمەڵگای کوردی لە ناوخۆ و دەرەوە. لەبیریشمان نەچێت هێزی کۆمەڵگا لە هێزی تاکەکانەوە دێت. هێزی تاکیش لە پسپۆڕیدایە و هەموو کەس ناتوانێت لە هەموو بوارێک پسپۆر بێت. 

سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان.