وریا غەفووری فووتباڵیستی بەنێوبانگ و بەهەڵوێستی کورد بەتۆمەتی" پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
هەواڵدەریی" برنا"ی سەر بە وەزارەتی وەرزش و لاوان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی دەسبەسەرکرانی" وریا غەفووری" کاپیتانی پێشووی تیمی ئیستقلالی تاران و یاریزانی ئێستای تیمی فوولادی خووزستانی، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و هەروەها پشتیوانی لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان و بێڕێزیکردن بە تیمی میللیی ئێران، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە پشتڕاست کردەوە.
غەفووری، سەرەڕای ئەوەیکە بەردەوام وەرزشوانێکی بەهەڵوێست بووە و هەمیشە پشتیوانیی لە خواستەکانی خەڵک کردووە، لەم ڕۆژانەدا و پاش کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە هەموو ئێران و بە تایبەتیی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی لە خەڵک و ئەو ڕاپەڕینە مەزنە کردووە.