کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی ١٨ هاووڵاتی لەلایەن ڕێژیمەوە لە مەهاباد

11:50 - 4 سەرماوەز 2722

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد، دەستیان کردووە بە ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و تا ئێستا ناسنامەی ١٨ کەسیان ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە چاوساغیی بەکرێگیراوان لە شاری مەهاباد، دەستیان کردووە بە ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییان کە ناسنامەی ١٨ کەس لەو دەسبەسەرکراوانە ئاشکرا بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران یان چارەنووسیان لەبەر دەست‌دا نییە.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بەگشتی و لە مەهاباد بەتایبەتی، شەوان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و دەستیان کردووە بە ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان، ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان بە دەستی بەتاڵ هێزی پڕ چەکی کۆماری ئیسلامیی لە شەقامەکانی کوردستان‌دا بە چۆک‌دا هێناوە و هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە، تەنیا دەیهەوێ بە ڕفاندن و هەڵکوتانە سەر ماڵان لاوان دەسبەسەر بکا و بۆ شوێنێکی نادیاریان دەگوازێتەوە.