کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: هەوڵەکانمان بۆ دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن بەردەوامە

11:58 - 4 سەرماوەز 2722

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، سەرەڕای پێشوازی لە بڕیارنامەکەی شۆڕای مافی مروڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران وتی: ئامریکا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا کە ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن دەر بکا.

ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی تایبەتی شۆڕای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها دەرکردنی بڕیارنامەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی سەر بەخۆ لەهەمبەر پێشیلکارییە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و سەرکوت و کوشتنی خەڵکی خۆپیشاندەری ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ئاماژە بە بوێریی خەڵکی ئێران لەو ڕاپەڕینە مەزنەدا و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیو بەتایبەتی لە شاری مەهاباد و سەرکوتی چالاکانی مەدەنی و هەروەها دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وتی: ئامریکا پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەکا و دووبارە داوا لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەکەین کە کۆتایی بە سەرکوتی دڕندانەی خۆیان و هەروەها توندوتیژی بەدژی ژنان و کچان بێنن.

ناوبراو هەروەها وتیشی: کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەوە دڵنیایە کە ڕێژیمی ئێران، هیچ دەور و نەخشێکی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی مافی ژنانە نییە و دەبێ لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن دەر بکرێ.